٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شەڕە قسە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی دواخست بۆ شەممە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info/ ئەندامێكی هاوپەیمانی كوردستانی لەپەرلەمانی عێراق، رایگەیاند : ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق هەمواركردنی خزمەتی خانەنشینی سەربازی و چاودێری خاوەن پێدوایستی تایبەتی پەسەند كردو شەڕە قسەش كۆبوونەوەكەی دواخست بۆ شەممە.

ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند: لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 5ی ئەیلول، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكۆی 11 ماددەی كۆبوونەوەكە تەنیا هەمواركردنی یاسای خزمەتی خانەنشینی سەربازی و یاسای چاودێری خاوەن پێداویستی تایبەتی پەسەند كرد و بەهۆی شەڕە قسەی دوو پەرلەمانتاری لیستی عێراقییەوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی شەممە دواخرا.

ئەوەشی گوت پەسەندكردنی هەمواركردنی یاسای خزمەتی خانەنشینی سەربازی بایەخێكی زۆری هەیە بۆ چینی سەربازان بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان كەلەبەشێكی ماددەی 6ی هەمواركراوی یاساكە ژمارە 3ی ساڵی 2010 پەسەند كرابوو یاساكە كە ئەو ئەفسەرانەی لەدامەزراوە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستاندا لە 1994ەوە خزمەتیان كردووە تا پەیوەندی كردنیان بەسوپای عێراقەوە لەدوای 2003ەوە ئەو ماوەیان بۆ خزمەتی خانەنیشینی هەژمار دەكرێ.

باسی لەوەش كردووە، لەیاساكەدا مەرجی دانانی ئەو خزمەتە ئەوەیە هەرێمی كوردستان پشتگیری ئەو خزمەتە بكات و وەزارەتی بەرگری رەزامەندی دەرببڕێ لەسەری.

روونیشیكردەوە، دووەم خاڵی كاری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند كردنی پرۆژە یاسای چاودێری كەمئەندامان (خاوەن پێداویستی تایبەت) كەلەلایەن لیژنەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئافرەت و خێزان و منداڵ، تەندروستی، مافی مرۆڤەوە پێشكەش كرابوون.

پتر گوتی، بەهۆی دروست بوونی شەڕە قسە لەنێوان دووپەرلەمانتاری لیستی عێراقییەوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی ئوسامە نوجێفی لەبەر رەخنەگرتنیان لەو لیژنەیەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كەپێكی هێنابوو بۆ لێكۆڵینەوە لەو گەندەڵیانەی باس دەكرا لەبودجەی پەرپێدانی هەرێمەكان لەپارێزگای سەڵاحەدین پەرلەمانتارەكان رەخنەی ئەوەیان گرت كەبێ لایەن نین.

لەئەنجامی توندبوونی ئەو شەڕەقسەیە سەرۆكی پەرلەمان داوای لەپەرلەمانتارێك كرد بچێتە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان بەڵام ئەو پەرلەمانتارە پابەند نەبوو بەبڕیارەكەوە و كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ رۆژی شەممەی هاتوو.

هەواڵی پەیوەندیدار