٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

گوتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی: جارێکی دیکەش کاک ئارێز عەبدوللا بە قسەی هێناین..

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - تایبەت بە KDP.info/  لە رونکردنەوەیەکدا گوتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: هیوادارین کاک ئارێز عەبدوللا بە دیقەت وەڵامەکان بنووسێتەوە، چونکە ئەوەی ئێمە پێشتر گوتومانە نە چەواشەیە و نە حەزیش دەکەین یەکێتی ناو یەکێتی پارێزراو نەبێت.هەورەها ئێمە رێگە بەخۆمان نادەین بەمجۆرە قسە لە سەر یەکێتی بکەین.

لە رونکردنەوەیەکی تایبەتدا بۆ  KDP.info  گوتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دەربارەی وەڵامێکی ئارێز عەبدوللا دەڵێت: هیوداراین وشەکان بە دیقەت هەڵبژێرێت و ئاگاداری بەکارهێنانی وشەکانی بێت لە کاتی تەخوین کردنی حزب و خەڵکدا. کاک ئارێز عەبدوللا لەسەرەتای رونکردنەوەکەیدا باسی (زمانی کەسێکی نەناسراو، بەناوی دەزگای لایەنێکی دیاریکراو و  هەوڵێکی چەواشەکاری) دەکات، بۆ ئاگاداری و بەرچاو روونی کاک ئارێز، ئەم بابەتە هی کەسێکی دیاریکراو نییە، بەلکو هی گوتەبێژی دەزگایەکە، ئەو لایەش کە قسەی کردووە (دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە) و هەروەها هەواڵەکەش چەواشەکاریی نییە، چونکە چەواشە بە مانای کارێک دێت کە رووی نەدابێت و باسی روودانی بکرێت، یاخود لە نووسین و گوتندا دەستکاری نێوەڕۆک و ئەسلی بابەتێک کرابێت و وەکو خۆی ئاماژەی پێنەکرێتەوە. بەڵام ئەم بابەتەی ئێمە پێشتر روونکردنەوەمان لەمەڕ بڵاوکردەوە، دەقاو دەق روویداوە و ئەو کەسەی کە بووە هۆکاری وەرنەگرتنی ئارێز لە ریزی پارتی ئێستە شەهید بووە.

ئەم سەرچاوەی پارتی دەڵێت: بەرێز دەبێت ئەوەندە بزانیت کە پارتی بەشێوەیەک کار دەکات کە ئەوەلیاتی لا دەمێنێ، هەر وەکو چۆن هەڤالانی دیکەشمان لەم مەسەلەیە ئاگاداربوون. بەڵام کاک ئارێز بۆ ئەوەی دڵ نە دڵ نەدەیت، چاک دەزانین پێش چوونە دەرەوەت، بۆ ماوەیەک گیراویت و  ماوەیەکیشت براکانت گیران و تاکاتی پێشمەرگایەتیشت لە ساڵی ١٩٩٠،  تۆ و ئەو سێ پێشمەرگەیەی کە بەیەکەوە هاتبوونەوە ناو کوردستان ، ئەوان لە سەیترەی شەقڵاوە تەسلیم بە بەعس کران و تۆش بۆ خۆت رزگارت دەبێت و لەرێگەی خزمێکتەوە کە مستەشار بووە دەگەیەندرێتەوە ئێران و هیچت بەسەر نایەت. هەر لە گەرمەی ئەم رووداوەشدا ژمارەیەک بەرپرس و کادیری زەحمەتکێشان دەگیرێن و تا لەراپەڕینی ١٩٩١ هەموو بەیەکەوە لە زیندان دابوون.

 گوتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدرێژەی رونکردنەوەکەی بۆ  KDP.infoلەمەڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی هاوپەیمان دەڵێت: زۆرمان هەوڵدا یەکێتی نیشتمانی هاوپەیمانمان، هەموو سەرکردایەتی  یەکێتی و پارتی ئیلتیزام بە رێککەوتنەکە بکەن، بەڵام بە داخەوە کۆمەڵێک لە ئەندام و کادیرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەجەستە و ئیمتیاز لە گەڵ یەکێتی نیشتیمانین، کەچی بە هزر و کردەوە لە گەڵ لایەنێکی دیکەن. لەمبارەوە پێمان باشبوو یەکێتی ناو یەکێتی پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە بەخەمەوە بوونی ئێمەیان بە هەڵە لێکدایەوە، یاخود ئەمەی روودەدات  رۆل دابەشکردنە. بەڵام هەر کامێکیان بێت، ئێوە بەرپرسی چارەنووسی حزبەکەی خۆتانن و ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە ئێمەوە وەکو پارتی نییە.  بەڵام ئەگەر رای شەخسی لە ناو یەکێتی دژی پارتی هەبێت، ئەوە لە ناو پارتیش رای شەخسی زۆرە، بەڵام پرەنسیپی رێککەوتن و پێکەوە کارکردن لەبەکارهێنانی ئەمجۆرە وشانە، کە ئێوە مۆلەتتان بە خۆتان داوە دژی پارتی و سومبلەکانمان بەکاریان بهێنن،پارتی رێگە بەخۆی نادات بەرانبەر ئێوە بەکاریان بهێنێت. چونکە پارتی وەکو حزب و رێبازی بارزانی ئەو مۆلەتەی بە خۆی نەداوە لەم ئاستە بێت، بۆیە هیوادارین ناچارمان نەکەن....

هەواڵی پەیوەندیدار