وەزیری پلاندانان داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات كاراتر بە هانای پەنابەرانی رۆژئاوا بێن
هەولێر- KDP.info/ د.عەلی سندی وەزیری پلاندانان پێشوازی لە جاكلین بادكۆك جێگری یەكەمی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەگكرتوەكان و شاندی یاوەری كرد. سەردانی شاندی نابراو لە ئێستا بۆ رێكخستنی كارەكانیان و بە هێزكردنی هەماهەنگی نێوان رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتر گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوا و پەرەپێدانی كارە هاوبەشەكانی حكومەتی هەرێم و نەتەوەیەكگرتوەكانە لە هەرێمی
كوردستان.
د.عەلی سندی كاتی هەرە زۆری كۆبونەوەكەی تەرخان كرد بۆ لێكۆلینەوە لەمەر رەوشی پەنابەران و چۆنییەتی بەرێوە چونی هاوكارییە مرۆییەكان. وەزیری پلاندانان دوپاتی هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوا كردوە لە هەمان كاتیشدا بە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكانی راگەیاند پێویستە كۆمەلگەی نێودەولەتی و ئاژانسەكانی مرۆیی بە تایبەتیش ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان خێرا ترو كارا تر بە هانای پەنابەران بێن و هەولبدرێت خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان خێرا تر توكمە تر بگەینرێتە دەستی ئاوارەكان لە كەمپەكان.
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند كە بریاریان داوە بەم زوانە ئۆفیسێكی تایبەت بە هەماهەنگی بۆ كارو باری مرۆیی لە هەولێر بكەنەوە ئامانج لە كردنەوەی ئەم ئۆفیسە بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بە شێوەیەكی پراگماتیكی و خێرا تر بگاتە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان. لە هەمان كاتیشدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، رۆلی حكومەتی هەرێمی زۆر بەرز نرخاند لە بەرامبەر هەموو هاوكارییە مرۆیەكان كە پێشكەش بە ئاوارەكانی رۆژ ئاوا كراوە.
تەوەری دووەمی كۆبونەوەی نێوان وەزیری پلاندانان و شاندی نەتەوەیكگرتوەكان، گفتوگۆی تێرو تەسەل بوو لەسەر پێشكەوتن و پەرەپێدان و ئامادەكاری بودجەی 2014 لە هەرێمی كوردستان، كە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكات. جێی ئاماژەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی پەرپێدان بە هاوبەشی لەگەل ئاژانسەكانی نەتەوەیكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكات، ئەمە جگە لە دانانی ستراتیجێكی درێژخایەن بۆ بەرەو پێشبردنی ئابوری هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان و بە جیهانی كردنی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكان دا.




