ئەشواق جاف: چوار رۆژە زیندانیانی گرتووخانەی چەمچەماڵ خواردنیان پێنەگەیشتووە
چەمچەماڵ-KDP.info/ ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرای دەكات، چوار رۆژە زیندانیانی گرتووخانەی چەمچەماڵ خواردنیان پێنەگەیشتووە و ژمارەیەكیشیان رەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ كراون و لیژنەكەشمان ئەمڕۆ بڕیاری بەدواداچوونی ورد و داوای هاوكاری كردووە لەرێكخراوی مانگی سوور.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند: زۆرێك لەزیندانیانی گرتووخانەكە پەیوەندیان بەئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ كردووە لەبارەی دۆخی ئەو گرتووخانە كە دۆخێكی خراپیان هەیە و چوار رۆژە خواردنیان پێنەگەیشتووە و ژمارەیەكیشیان رەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ كراون بۆ ئەوەی ئاوی دڵۆپێنراویان تێبكرێ.
باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكۆبوونەوەیەكیدا لەبارەی دۆخی گرتووخانەی چەمچەماڵ بڕیاریدا كە بەزووترین كات پەیوەندی بكرێ بەرێكخراوی مانگی سوور بۆ ئەوەی خواردن بۆ گرتووخانەی چەمچەماڵ دابین بكات، هەروەك لیژنەكە داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلەمان كردووە لەبارەی پێنەدانی خواردن بەو زیندانیانەوە، تابزانین هۆكارەكەی چییە و كێ لێی بەرپرسە و بدرێتە دادگا.
ئەوەشی گوت، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانی ئێمە ئەو بەڵێندەرەی كەپێویستە خواردن دابین بكات بۆ گرتووخانەی چەمچەماڵ دوو مانگە پارەی خواردنی نەداوە بەو كەسانەی كەئەو رێكەوتووە لەگەڵیان كە خواردن بگەیەننە ئەو گرتووخانە، ئەوانیش دوو مانگە بێ بەرامبەر خواردنیان دابین كردووە و ئیتر لەتوانایاندا نەماوە و چوار رۆژیشە هیچ خواردنێك نەگەیشتووەتە گرتووخانەكە.
ئاماژەی بەوە كرد، بەبەردەوامی لەهەوڵداین پەیوەندی بكەین بەوەزیری دادی عێراقەوە بەڵام بەهۆی داخرانی تەلەفونەكەیەوە نەمانتوانیوە هیچ شتێك بكەین دەست بخەین.




