جەمیل چیچەك: رەنگە پرۆژە یاسای سەرپۆش لە پەرلەمان پەسەند بكرێت

ئەنقەرە- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا حكوومەتی ئەو وڵاتە دەستی بە ئامادە كردنی چەندین پرۆژە یاسای دیكە بۆ چەندین پرسی ناوخۆیی كردووە كە ماوەی چەند ساڵێك گفتوگویان لە بارەیەوە دەكرێت و مەسەلەی بەكار هێنانی سەرپۆش لە نێو پەرلەمان و دامودەزگا رەسمییەكانی حكوومەتدا یەكێكە لەو مەسەلانە كە زیاتر لە دوو ساڵە گفتوگوی لە بارەیەوە دەكرێت بەڵام گفتوگوكان بەبێ ئەنجام دەمێنن.
لەمبارەیەوە رۆژی چوارشەممە رۆژنامەی میللیەتی توركی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە جەمیل چیچەك رایگەیاندووە كە لە چوارچێوەی گفتوگوكانی پەرلەماندا لە سەر پاكێجی نوێ دیموكراتیزاسیونی توركیادا گفتوگویەكی زۆر بەرفراوان لە سەر پرۆژە یاسای بەكار هێنانی سەرپۆش كراوە.
چیچەك جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە ئەگەر بێتو پارتە سیاسییەكان دووبارە سەبارەت بە پرۆژە یاسای بەكار هێنانی سەرپۆش هیچ جۆرە كێشەیەك دەرنەخەن ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی توركیا ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند دەكات و بەمجۆرە ئەو ژنانە كە سەرپۆش بەكار دەهێنن دەتوانن ببنە پەرلەمانتار.




