رێكەوتننامەی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی عێراقی و ئێرانی دێتەوە ناو پەرلەمانی عێراق

بهغدا-KDP.info/ ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند بەمەرج سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە جارێكی دیكە رێكەوتننامەی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران جارێكی دیكە بێتەوە ناو پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بكرێ.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەهاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەزامەندی سەرۆكایەتی پەرلەمانی وەرگرتووە جارێكی دیكە رێكەوتننامەی نێوان عێراق و ئێران لەبارەی زیندانیانەوە بێتەوە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەنجام بدرێ، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای كردووە رەزامەندی لیژنەكانی مافی مرۆڤ و یاسایی لەسەر رێكەوتننامەكە وەربگرێ.
باسی لەوەش كرد رێكەوتننامەكە لە24/4/2011 لەنێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدراوە پێویست بوو بێتە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بكرێ، بەو هۆیەی رێكەوتننامەكە لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانیانە پێویستە بوو لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری تێدا بكرایە بەڵام تەنیا هەردوو لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و یاسایی بەشداریان تێدا كرد، كاتێكیش هاتە ناو پەرلەمانی عێراق دوای یەكەم خوێندنەوە دەنگی بەدەست نەهێنا.
ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ پەسەند كردنی هەر یاسایەك لەناو پەرلەمانی عێراقدا پێویستە بەسێ قۆناغدا بڕوا، كە بریتین لەقۆناغی خوێندنەوەی یەكەم ئەگەر نارەزایەتی نەبوو دەچێتە خوێندنەوەی دووەم و دوای ئەوە قۆناغی دەنگدان دێ، بەڵام هەر پرۆژەیەك لەخوێندنەوەی یەكەم نارەزایەتی هەبوو دەخرێتە دەنگدانەوە ئەگەر لەدەنگدان دەرنەچوو ئەوا نابێ لەناو وەرزی یاسادانان بمێنێ و لەوەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە.
جەختی لەوە كردەوە، ئەو رێكەوتننامەیەی لەخوێندنەوەی یەكەمدا نارەزایەتی لەسەربوو خرایە دەنگدانەوە و دەرنەچوو ئەمە وای كرد ئاڵوگۆڕی زیندانیەكان لەنێوان عێراق و ئێران نەكرێ.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ رێكەوتننامەی عێراق - ئێران لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانیەكانەوە خستە بەردەمی لیژنەی مافی مرۆڤ و رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكات و ماوەتەوە لیژنەی یاسایی كاری لەسەر بكا.
روونیشیكردەوە، ئەو هەڵەیەی پێشتر كرا پێویست بوو ئەو یاسایە بێتە لیژنەی مافی مرۆڤ، چونكە ئێمە هەر پرۆژە یاسایەك دێتە ناو لیژنەكەمان پێش ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێ لۆبییەكی بۆ دروست دەكەین بەوەی هەر ئەندامێك لەناو كوتلەی خۆی پاڵپشتییەك بۆ یاساكە كۆدەكاتەوە، بۆ ئەو رێكەوتننامەی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان هەردوو وڵات لۆبییەكی بۆ دروست دەكەین بەو هۆیەی ئەمە دۆخێكی مرۆڤانەیە، كاری بەردەوامی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەنجام بدرێ.




