هەولێر: ئافرەتێکی ئەندەنووسی كە 15 هەزار دۆلاری لە خاوەنماڵەكەی دزیبوو، دەستگیر كرا

هەولێر-KDP.info/ پۆلیسی نووسینگەی باشوور بۆ نەهێشتنی تاوان لە هەولێر، ئافرەتێکی ئەندەنووسییان بە تۆمەتی دزینی 15 هەزار دۆلار لە ماڵێكدا كە تێیدا وەك كارەكەر كاری كردووە، دەستگیر كرد.
نەقیب ئومێد عارەب ئەفسەری نووسینگەی باشوور بۆ نەهێشتنی تاوان، راگەیاند کە دوای کردنەوەی پەڕاو و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی چەند بەڵگەیەکی یاسایی، تۆمەتبارێكی ئەندەنووسییان بە ناوی (ن. م. ب) رەگەزی مێ لەدایكبووی 1982 دەستگیر كردووە كە ماوەی (6) مانگە هاتووەتە شاری هەولێر و 15 هەزار دۆلاری لە ماڵێك دزیوە كە تێیدا وەك كارەكەر كاری كردووە.
نەقیب ئومێد گوتیشی: تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنی دانی بە تاوانەكەیدا نا و ئاشكرای كرد كە پارەكانی حەواڵەی ئەندەنووسیا كردووە و هەندێك ئامێری مۆبایلی كڕیوە و ویستوویەتی رەوانەی ئەندەنووسیایان بكات، بۆیە دەست بەسەر مۆبایلەكاندا گیرا لەگەڵ پسوولەی حەواڵەكردنی پارەكان و بڕێکیش لەو پارە دزراوەی کە هێشتا لای خۆی مابووەوە، دوای ئامادەکردنی پەڕاوەکەش لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، بەڕێزیان بڕیاری دا بە بەندكردنی بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادان.
هەر لەو بارەیەوە ڕائید كاروان عەبدولكەریم وتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆشداریی دایە ئەو ماڵانەی كە كارەكەریان لە ماڵەوە هەیە بۆ ئەوەی زیاتر چاودێرییان بكەن و ڕێگە لە هەر كارێكی نایاسایی و نائاسایی بگرن.




