٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى كاره‌كانی دووه‌مین كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ هه‌لی كار ده‌ستیپێكرد

سەرچاوە: KDP.info

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ى ئه‌یلوولى 2013، به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، دووه‌مین پێشانگای كار و دۆزینەوەی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان، له‌ هۆلى مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌.

له‌ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى پیشانگه‌كه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ كۆمپانیاى بیانى و ناوخۆییه‌وه‌ سپۆرنسه‌رى كراوه‌ و چه‌ندین كۆمپانیاى ناوخۆیى و بیانى به‌شدارییان تیادا كردووه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردنه‌وه‌ى ماڵپه‌ڕی كار و دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كارى ڕاگه‌یاند. له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌وه‌ هه‌موو هه‌له‌كانى كار له‌ كه‌رتى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌خرێنه‌ ڕوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ دواى كاردا ده‌گه‌ڕێن ده‌توانن بۆ دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار سوود له‌و ماڵپه‌ڕه‌ وه‌ربگرن.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی ووڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن كار و كۆمپانیاكان و ژماره‌یه‌كى به‌رچاوى ئه‌و گه‌نجانه‌ى به‌ دواى هه‌لى كاردا ده‌گه‌ڕێن ئاماده‌ى بوون، نێچیرڤان بارزانى له‌ وته‌یه‌كدا خۆشحاڵیی خۆی به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌م پیشانگایه‌ و كارابوونى ماڵپه‌ڕه‌كه‌ نیشان دا.

سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ جددی كاری كردووه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ پێویستی زانی ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان له‌ ناو سیاسه‌تی ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ حكوومه‌ت ده‌بێت كاری جددیتر بكات له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ مافی كارمه‌ندانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ مه‌به‌ستی كاراكردنیان و گونجاندیان له‌ گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ كارمه‌ندان له‌ ناو كه‌رتی تایبه‌ت مافیان پارێزراو بێت و ژیان و ئاینده‌یان مسۆگه‌ر بێت.

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه‌ ماڵپه‌ڕی كار و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار پێگه‌یه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی كار له‌ نێو كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌ریمی كوردستان و متمانه‌ی خۆی به‌وه‌ نیشان دا كه‌ ببێته‌ ئامرازێكی گرنگ بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان. هاوكات سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و تیمه‌كه‌ی كرد بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆریان بۆ دروستكردنی ئه‌م ماڵپه‌ره‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دارێژراوه‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌ كراوه‌، داواشی له‌ وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كرد پشتگیریی پڕۆسه‌كه‌ بكات.

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بوونی سه‌دان ده‌رفه‌تی كارى له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌كه‌ به‌ نیشانه‌ی به‌هێزی و فراوانبوونی كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ سه‌ره‌تایه‌ك له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕایگه‌یاند كه‌ به‌رده‌وام ده‌رچوانی زانكۆ و گه‌نجان هان ده‌دات له‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ن ده‌رفه‌تی كار له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا بدۆزنه‌وه‌ و نه‌یشارده‌وه‌ یه‌كێك له‌ نیگه‌رانییه‌ باوه‌كان كه‌ به‌رده‌وام دووپات ده‌كرێته‌وه؛‌ نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كاره‌.

نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی خاوه‌ن ئابووریی به‌هێزیش هه‌یه‌ و داوای له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و نوێنه‌رایه‌تیی ووڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌رده‌وام یارمه‌تیی هه‌رێم بده‌ن و جه‌خت له‌سه‌ر كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیه‌كان بكه‌نه‌وه‌ بۆ گرنگیدان به‌ دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌  ئه‌وله‌ویه‌تی حكوومه‌ت دامه‌زراندنی خه‌ڵكی نێو هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ به‌شی دووه‌می ڕێوڕه‌سمه‌كه‌شدا پانه‌ڵێكی گفتوگۆ له‌ لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌داداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و به‌ به‌شداریى ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن و نوێنه‌رانى كۆمپانیا به‌شداره‌كان به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ تیایدا شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ و چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لى كار ڕوون كرایه‌وه‌.

دواتر نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی به‌شه‌كانی پیشانگای كۆمپانیاكانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ىیش به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری چالاكی و كاره‌كانیان بوو، هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌شداربووان خواست.


له‌و رێوره‌سمه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

میوانە بەڕێزەكان.....

ئامادەبووانی خۆشەویست

بەیانیتان باش و هەمووتان بەخێربێن بۆ ئەم مەڕاسیمە

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا بەیەكەوە لەم كۆبوونەوەیەدا بەشدارم لەسەر بابەتێكی زۆر گرنگ و هەستیار كە جێگای بایەخی گەنجانی هەرێمی كوردستانە ، ئەویش دەرفەتی كاركردن و كارە لەهەرێمی كوردستان.

دیارە بەڕێوەبردنی كاروباری مرۆڤ لە سەردەمی جیهانگیری‌ پێویستی بە داهێنانی سیاسی و ئابووری نوێ هەیە‌ ، داهێنانێك ، كە گونجاو بێت لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی شێوازی حوكمڕانی.

گرنگیدان بە ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ناو كۆمەڵگا ، یارمەتی دروستبوونی گەشەسەندن و پەرەپێدانی ڕاستەقینە دەدات.  

بەڕێزان...  

خۆشحاڵم بە سازكردنی مەڕاسیمێكی تایبەت بە كار و دۆزینەوەی هەلی كار لە كوردستان، وە زیاتر بەوە خۆشحاڵم كە لەلایەن كۆمەڵێك كچ و كوڕی گەنجی چالاك لەم بوارەدا ڕێكخراوە.

لێرەوە پڕ بە دڵ دەستخۆشیان لێ دەكەم و پیرۆزباییش لە تەواوی گەنجانی كوردستان دەكەم بۆ ئەم جۆرە دەستپێشخەریە و هیوادارم خوای گەورە موەفەقیان بكات و نموونەشیان لە كوردستان رۆژ بەڕۆژ زیاتر بێت.

وەك دیارە ئەم مەراسیمە دوو رۆژ دەخایەنێت، بۆیە ئەو كەسانەی بەدوای هەلی كار دەگەڕێن دەتوانن سبەینێ جارێكی تریش بێنەوە و بەشدار بن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجدی كاری كردووە بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت، یەكێك لە سوودە گرنگەكانی ئەم سیاسەتەی حكومەت، زیادبوونی داواكاریە لەلایەن كەرتی تایبەت بۆ گەنجی خاوەن توانا و لێهاتوو.

بۆیە دەڵێم پێویستە دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ گەنجان لەوە زیاتر لە ناو سیاسەتی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لەوەی ئێستا هەیە ڕەنگ بداتەوە.

حكومەت دەبێت كاری جدی تر بكات لەسەر هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە پەیوەندیان بە مافی كارمەندانەوە هەیە ، بە مەبەستی كارا كردنیان و گونجاندیان لە گەڵ ئەم سەردەمە.

دەبێ كارمەندان لە ناو كەرتی تایبەت مافیان پارێزراوبێت ، ژیان و ئایندەیان مسۆگەر بێت. هەر بۆیە ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم بەشێوەیەكی فەرمی ئەم دەستپێشخەریەی ماڵپەڕی كار و هەلی كار لە كوردستان ڕابگەیەنم.

ئەم ماڵپەڕە پێگەیەكە بۆ كۆكردنەوەی هەموو دەرفەتەكانی كار لە نێو كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە سەرانسەری هەریمی كوردستان و ئێوەش دەتوانن ئەم ماڵپەرە ببینن هەروەك نمایش كراوە. من لەو باوەڕەدام ئەمە دەبێتە ئامرازێكی گرنگ بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی بەڕێز كاك قوباد و تیمەكەی بكەم كە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆریان داوە بۆ دروستكردنی ئەم ماڵپەرە. هاوكات دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو كەوا ئەم ماڵپەرە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە تەواوكەری ئەو بەرنامەیەیە كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەكراوە، بۆ‌یە جەنابی وەزیریش لێرەیە داوای لێدەكەین ئەویش پشتگیری ئەم هەوڵانە بكات و دڵنیام لەوەی پشتگیری دەكات.

هەروەها دەبینین ئێستا نزیكەی سەدان دەرفەتی كار لەسەر ماڵپەرەكە دەردەكەوێت و ئەمەش نیشانەی بەهێزی و فراوان بوونی كەرتی تایبەتە. ئەمەش تەنها سەرەتایەكە.

بەڕێزان.....

چەندساڵە راستەوخۆ‌ و ناڕاستەوخۆ جەخت لەوە دەكەمەوە كە دابینكردنی دەرفەتی كار بە تەنها ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە. پێویستە كەرتی تایبەت كە دینەمۆی ئابوری و پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە هەوڵی جدی بدات لەگەڵ حكومەت بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كار و ئیشكردن بۆ گەنجانمان لە هەرێمی كوردستان .

 من بەشێوەیەكی بەردەوام دەرچوانی زانكۆ و گەنجان هان دەدەم و بەردەوامیش دەبم لەوەی كە هەوڵبدەن دەرفەتی كار لە ناو كەرتی تایبەتدا بۆ خۆیان بدۆزنەوە. لە هەمان كاتدا گووتوومە پێویستە حكومەت كەشێكی گونجاو بۆ كۆمپانیاكان دابین بكات بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر لە هەرێمی كوردستاندا گەشە بكەن.

دەبێ ئەوەش مسۆگەر بكەین كە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بتوانن بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی ئابووری هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی خێرا خەریكی گەشەكردنە. بۆیە ئێمە پشتگیری لە نمایشی كار و هەلی كار دەكەین و ماڵپەری هەلی كار كە لە كوردستان دامەزراوە بەوپەڕی تواناوە پشتگیری لێدەكەین.

بێگومان لەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت دەرفەتی كار بۆ تەواوی دەرچووان و ئەو كەسانەی بە دوای كاردا دەگەڕێن دابین بكات ، بەڵام ئامادەین هەموو هەولێك بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بازاڕی كار چالاكتر و كاریگەرتر و شەفافتر و ئاسانتر بێت و هاوڵاتیان زیاتر بتوانن سوودی لێ وەربگرن.

دوای كەمێكی تر بەیەكەوە سەردانی نمایشی ئەو كۆمپانیایانە دەكەین كە لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن و لەم بۆنەیەدا لەگەڵ ئێمەن. ئەوان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانن بۆ وەرگرتنی ئەو گەنجە خاوەن بەهرانەی كە بەدوای كاردا دەگەڕێن.

لەهەمان كاتدا ئەو ماڵپەرەی ئێستا لەسەر شاشە دەردەكەوێت زیاتر لەسەدان دەرفەتی كار دەخاتە بەردەست كە لە لایەن كۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تۆماركراوە و بەشێوەیەكی رۆژانە و بەردەوام تازە دەكرێتەوە.

ئەم ماڵپەرە زانیاری تێروتەسەل پێشكەش دەكات بە خاوەن كاران و ئەوانەی بەدوای كار دەگەڕێن دەربارەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و هەروەها زانیاریش دەربارەی خوولەكانی مەشق و راهێنان پێشكەش دەكات، ئەوانەی ئێستا بەڕێوەدەچن یان بە تەمان لە ئایندەدا بەڕێوە بچێت.

هاندانی كاركردن و دۆزینەوەی دەرفەتی كار پرۆسەیەكی بەردەوامە، ئێمە لە سەرجەم كەرتەكانی بواری ئابووری كاری زۆرمان لەبەردەم ماوە بیكەین بۆ دڵنیابوون لە باشتركردن و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا یەكێك لە نیگەرانیە باوەكان كە بەشێوەیەكی بەردەوام گوێبیستی دەبم ، بەتایبەتی لەلایەن گەنجان ، كە داوا دەكەن دەرفەتی كاریان زیاتر بۆ برەخسێت.

هەموو كەسێك لە كوردستان ئەوە دەزانێت كە ئێستا كۆمپانیا نێودەوڵەتی و بەناوبانگەكان دێنە هەرێمی كوردستان و هەروەها كۆمپانیا ناوخۆییەكانیش كار و چالاكیەكانیان فراوانتر و سەركەوتووتر بووە بە بەراورد لەگەڵ جاران.

بۆ ئەم مەبەستە داوا لە دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و هەروەها وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی و نوێنەرایەتی ووڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان دەكەم كە بە سوپاسەوە ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون و بە شێوەیەكی تایبەتی بەخێرهاتنیان دەكەم هەموویان لە هەرێمی كوردستان بەردەوام یارمەتی ئێمە بدەن و بەشێوەیەكی بەردەوام جەخت لەسەر كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەكان بكەنەوە كە پێویستە لە دابینكردنی دەرفەتی كار گرنگی بدرێت بە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ، ئەمەش بۆ ئێمە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە و من داوا دەكەم ئەگەر پێویست بێت لە بواری فێركردنیان یارمەتی ئێمە بدەن چونكە  ئەولەویەتی ئێمە دامەزراندنی خەڵكی نێو هەرێمی كوردستانە  چونكە ئێمە لە حكومەت بایەخی زۆر بەو بابەتە دەدەین.

ئەم پێشانگایەی ئەمڕۆ و ماڵپەڕی كار و هەلی كار لە كوردستان دەبنە سەرچاوەیەكی گرنگی پێشكەش كردنی زانیاری كە لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئاراستە دەكرێن بۆ ئەو گەنجانەی كە زۆر بە جدی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن.

بەڕێزان....

هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر لەوەی زۆربەمان پێشبینیمان دەكرد  پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیووە و دیارە ئەم پێشكەوتنەش سوودی بۆ هەموو لایەكە. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە بۆ دابینكردنی ئاو و كارەبا و پرۆژەی نیشتەجێبوون و ڕێگاوبان و ژێرخانێكی گشتگیر كە بووە مایەی ئەوەی  ئابووریمان گەشە بكات و پێشكەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێ.

لە كاتێكدا ئێمە بەم شێوەیە بەردەوامین لەسەر پێشكەوتن، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانمان و بەتایبەتی دەرچووانی زانكۆ كە گەڕان بەدوای هەلی كار بە ئەركێكی زۆر قورس دەزانن.

ئەمە ڕاستە لەهەموو بەشێكی جیهان ئەم گرفتە هەیە تەنانەت دەبینین لەو وڵاتانەی كە ئابوریشیان بەهێزە وەكو ئەمەریكاو ئەورووپا ئاسیا ڕووبەڕووی كێشەی بێكاریان هەیە.

من لەو باوەڕەدام كە ئەوەی ئەمڕۆ پێكەوە دەستمان پێكردووە هەنگاوێكی زۆر سادە و سەرەتاییە بەڵام هەنگاوێكی گرنگ و پێوویست بوو. ئەم ماڵپەڕە دەبێتە پردی پەیوەندی و بەستنەوەی هەردوولا بە یەكەوە.

لێرەوە داوا لە هەموو ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن ، دەرفەتەكانی كار بەشێوەیەكی ئاشكرا و شەفاف ڕابگەێنن و بەدوای كەسانی خاوەن بەهرەدا بگەڕێن لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها داوا لە كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی ووڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان دەكەم هانی ئەو سیاسەتە بدەن و پشتیوانی لێ بكەن و هاوكات داوا لە  كۆمپانیاكانی خۆیان بكەن درەفەتی كار بۆ گەنجی خاوەن بەهرەی ناوخۆیی بڕەخسێنن.

داوا لە دەرچوانی زانكۆ و ئەو كەسانە دەكەم، كە بە دوای كاردا دەگەرێن بە گرنگیەوە بڕواننە ئەم ماڵپەڕە بۆ گەڕان بەدوای هەلی نوێ و هەلی باشتر بۆ كاركردن و مەشق كردن بەكار بهێنن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دامەزراندنی بناغەیەكی باش بۆ ئابووری سەركەوتوو و بەهێز و گشتگیر بۆ مسۆگەركردنی ئەوەی كەوا هەموومان پێكەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین. بە ئومێدی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ ئێوە و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

دیسانەوە پڕ بەدڵ سوپاسی ئەو دەستپێشخەریە دەكەم ئەوەی كە كۆمەڵێك گەنجی خۆمان لەم وڵاتە بەبێ ئەوەی ئێمە پێشتر ئاگادار بین كردوویانە، سوپاسیان دەكەم و دیسانەوە دەستخۆشیان لێدەكەم و هیوای تەمەن درێژی و موەفەقیەتیان بۆ دەخوازم و هیوادارم پەنا بەخوا نموونەیان هەمیشە لە هەرێمی كوردستان زۆرتر بێت .

هەموو لایەكتان بەخێر بێن بەسەرچاو .

هەواڵی پەیوەندیدار