ئاشتی هەورامی: هەرزانكردنی بەنزین هەمیشەییە و بۆ بانگەشە نییە
__2013_06_20_h11m14s57__GH.jpg)
هەولێر - KDP.info / وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیارە نوێیەكەیان لەبارەی بەنزین بڕیارێكی كاتی نییە و بەردەوامی دەبێت. ئەوەشی رەت كردەوە كە بڕیارە نوێیەكە جۆرێك بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن.
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشتی هەورامی، بە "ڕادیۆ ناوخۆ"ـی راگەیاند، بڕیاری فرۆشتنی بەنزین بە (480) دینار بۆ یەك لیتر بە بەنزینخانەكان و فرۆشتنەوەی بە هاووڵاتیان بە (500) دینار، بڕیارێكی كاتی نییە، بەڵكو بڕیارێكە بەردەوامیی دەبێت. گوتیشی "بڕیارەكە دوای ئەوە دێت كە ئێمە گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی پاڵاوتەگەكانی هەرێمی كوردستان، دەتوانن پێداویستیی ناوخۆیی بەنزین پڕ بكەنەوە".
هەورامی هەروەها رەتیشی كردەوە كە بڕیارەكەیان جۆرێك بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەكەیان هەمیشەییە و پلانی باشتریش لە داهاتوودا دەگیرێتە بەر بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی سوتەمەنی.




