دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی، رۆژنامەی هاوڵاتی سەبارەت بە راپۆرتێکی لەمەڕ NDI بە درۆ دەخاتەوە

سلێمانی - تایبەت بە KDP.info / لەمەڕ راپۆرتێکی رۆژنامەی هەواڵی هاوڵاتی، دەزگای راگەیاندنی یەکێتی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە دانەیەکی بۆ KDP.info نێردراوە، بەمجۆرە ئەم دەزگایەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەم رۆژنامە بە درۆ دەخاتەوە کە ئەمە دەقی روقنکردنەوەکەیە: رووپێوێكی ساختەو چەواشەكارانەی دوور لە راستی و دوور لە پێوەرەكانی رۆژنامەگەری لە لاپەرە(3)ی هەواڵی هاوڵاتی ژمارە 1132 رۆژی سێشەمە رێكەوتی 3/9/2013 بڵاوبۆتەوە كە تیایدا ڕاپۆرت نووسێك لە پێشبینیەكی خەیاڵی خۆیدا دوور لە ڕاستی باسی ئەوە دەكات گوایە كورسیەكانی ئۆپۆزسێۆن زیاد وئەوانی تریش كەم دەكات.
سەبارەت بەو راپۆرتە هەواڵە ئەم چەند راستیە دەخەینە روو:-
1-NDIبەفەرمی ئەو ڕاپۆرت و رووپێوە ڕەتدەكاتەوە، درۆیەكی شاخدارە بەناوی ئەوانەوە هەڵبەستراوە .
2-لەم ساڵدا و دەربارەی هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 ی ئەم ساڵ لەلایەن ئەو رێكخراوە وە هیچ راپرسی و رووپێوێك ئەنجامنەدراوە
3-كاكی راپۆرت نووس ئاماژەی بە بەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی 2010 و جارێك دەنوسێ 7/3/2009 كە خۆشی نازانێت كامیانە.
4-ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری ئازاد یەكێكە لە دەستكەوتەكانی دیموكراسی وخەباتی ئازادی خوازانەی گەلەكەمان كە یەكێتی نیشتمانی رۆڵێكی بناغەیی هەبوەو هەیە تێدا و لەگەڵ چەواشەكاری و فریودان و درۆ هەڵبەستن و خەمڵاندنی بێبنەمادا ناگونجێت. بێ گومان رێگای یاسایی هەیە سەبارەت بەم چەواشەكاریانەو شوێنی بڵاوبوونەوەیان بگیرێتە بەر، بەڵام ئێمە ئەمجارە تەنها بە ئامۆژگاری و وەبیر هێنانەوەی "هاوڵاتی " دەوەستین و خوازیارین كە ڕاستگۆیی و ڕۆژنامەگەری و مافی هاوڵاتیان لەبەدەست هێنانی زانیاری راست و دروستدا پێشێل نەكات و خۆی نەكاتە ڕۆژنامەیەكی زەرد.
5-ئەم چەواشەكاریانە بە ئەنقەست و لە قازانجی چەند حزبێك بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت،ئەمەش لەو ترسە قوڵەوە هاتوە لە یەكێتی كە لە هەستانەوەیەكی گەورەی جەماوەریی دایە وهەر لە یادی دامەزاراندیەوە لە 1/6 پەیتا پەیتا لێشاوی جەماوەر لە دەوری ئاڵاسەوزەكەی یەكێتی كۆدەبێتەوە ئەوەش لە سەركەوتنی یەكێتی لەچەندینڕێكخراوی جیاجیادا و پێشوازی بەرفراوانی دەنگدەرانی كودرستان بەپەیام و بەرنامەو دروشم و كاندیدەكانی بۆ خۆی ئاماژەی سەركەوتنی بێ سنوری لیستی 102 ی سەربە خۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. دەنگدەران بە لیستی 102 لەوە وشیارترن كە بكەونە ژێركاریگەری ئەم ڕاگەیاندنە چەواشەكارییانەی ئێستاو ئاییندەش.




