پێدانی خۆراكی قوتابخانه له گونده‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات
ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 3/9/2013 وه‌زیری په‌روه‌رده د.عصمت محه‌مه‌د خالد به ئاماده‌بوونی به‌رێوه‌به‌ری گشتی پرۆگرامه‌كان و به‌رێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان، له ته‌ك شاندێكی ڕێكخراوی WFP ى كۆبوونه‌وه.
له دیدارێكدا تیشك خرایه سه‌ر گرنگی جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی خۆراكی قوتابخانه‌یی له خوێندنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
وه‌زیری په‌روه‌رده وێرای به گرنگی وه‌سفكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه له خزمه‌تی قوتابیاندا په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌ت و ڕێكخراوی نێوبراوی به گرنگ ئه‌مار كرد.
شیاوی باسه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌و بواره داناوه و به سه‌رپه‌رشتی خودی وه‌زاره‌ت سه‌ره‌تا له قوتابخانه‌ی گونده‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و له سێ جۆری (پسكیت ، شیر و میوه) پێك دێت.
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ت به‌نیازه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌و بواره واژوو بكات.




