٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاپۆرتی شاندی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئەوەی لە 8/8/2013 بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نامەیەک داوای لە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد شاندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و لەبارەی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی باسیان لە بوونی کۆمەڵکووژیی کورد لە ڕۆژائاوا دەکرد لێکۆڵینەوە بکەن، کۆمیتەی ئامادەکاری شاندێکیان لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان پێکهێنا و ڕۆژی 19/8/2013 شاندەکە سەردانەکەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد و ماوەی پێنج ڕۆژ لەوێ ماونەتەوە و سەردانی چەندین ناوچەیان کردووە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نزیکەی ٤٠٠ کەس لە چینوتوێژە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا ئەنجام داوە و دوای گەڕانەوەشیان ڕاپۆرتێکیان لەبارەی ئەو سەردانە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا ئامادە کردووە.

شاندەکە لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئەوەیان ڕوون کردۆتەوە کە ڕێگەیان پێ نەدراوە سەردانی شاری (عامودە) بکەن تا هۆکار و چۆنیەتیی تەقەکردن لە خۆپێشاندەران و شەهیدکردنی ژمارەکیان ڕوون بێتەوە، هەروەها لەتەواوی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ خەڵک و لایەنەکان ئەنجامیان داوە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ ڕوودانی کۆمەڵکوژی دژی کورد دەست نەکەوتووە و ئەوەی ڕووی داوە پێکدادانی نێوان دوو لایەنی چەکدار بووە.

ڕاپۆرتی شاندەکە ئاماژەی بە بوونی کێشە و گرفتی زۆر لە ڕۆژئاوا کردووە، لەوانە نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیری و نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی  و نەبوونی کارەبا کە بۆتەهۆی لەکارکەوتنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە، هەروەها تاڵانکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و نەبوونی دەرمان و کادیری پزیشکی، بەجۆرێک ژیانی هاووڵاتیانی زۆر زەحمەت کردووە و خەڵکەکەی ناچار کردووە ڕووبکەنە هەرێمی کوردستان و مەترسیی ئەوەی پێشان داوە کە عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سوریا بچنە شوێنی هاووڵاتیانی کورد و ئەوەیش ببێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی شاندی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە کێشە و گرفت لە چەسپاندنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکاندا هەیە و ئەوەیش لە ئەنجامی خۆسەپاندنی یەک هێز و پشتگوێ خستنی ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان لایەنەکانە بەتایبەتی ڕێککەوتنی هەولێر.

ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک داواکاریی خەڵک ولایەنەکانی ڕۆژئاوای خستۆتەڕوو و داوای هەماهەنگی دەکات بۆ جێبەجێکردنیان، لەوانە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و چالاککردنی دەستەی باڵای کوردی، هەروەها هەموو لایەنەکان بەشدارر بن لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ڕۆژئاوا، هەروەها ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە کوردییەکان و ڕێکخستنی بارزرگانی لەسەر سنوور بەجۆرێک هەموو لایەنەکان تیایدا بەشدار بن نەک یەک لایەن سەرپەرشتی بکات، هەروەها ڕاگرتنی کۆچی کوردی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا، جگە لەحاڵەتی زۆر پێویستی مرۆیی.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا شاندی لێکۆڵینەوە چەند پێشنیارێکیان خستۆتەڕوو، لەوانە  دابینکردنی داودەرمان فریاکەوتن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێکخستنی کاروباری بازرگانیی لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوادا بەجۆرێک لەودیوی سنوور لەلایەن یەک لایەنەوە دەستی بەسەردا نەگیرێت.

ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی ئەو داواکارییانە دەکەین و جەختیش دەکەینەوە کە دەبێ هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی بگەیەندرێتە دانیشتوانی ناوچەکە و لەوێش لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەش کە نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدا بێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، جارێکی دیکەیش جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی و هاوکاریی لایەنەکان دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە بۆ نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان لە پاراستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوادا بەشداربن.

بەپێویستیشی دەزانین سپاسی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و شاندی لێکۆڵینەوە بکەین کە لە پێناو دەرخستنی ڕاستییەکاندا ئەرکیان کێشا و سەردانی ڕۆژئاوایان کرد.

 

د.ئومێد سەباح

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

3/9/2013

هەواڵی پەیوەندیدار