ئەردۆغان: بۆ بەرێوەبردنی قۆناغی چارەسەری هەنگاوی گرنگ دەنێین

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوەرەسمی ناساندنی شاری سێرتدا لە ئەستەنبۆڵ گوتارێكی پێشكەش كرد و باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و بارودۆخی سوریا و هەوڵدانەكانی وڵاتانی جیهانی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ و پێكدادانەكانی سوریا كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی مەراسمی ناساندنی شاری سێرتدا لە ئەستەنبۆڵ گوتارێكی پێشكەش كردووە و رایگەیاندووە كە پێویستە بە پەلە چارەسەرییەك بۆ بارودۆخی سوریا بدۆزرێتەوە و رژێمی ئەسەد لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دوور بخرێتەوە و پێویستە كۆمەڵگەی جیهانی مودێلێكی دەستوەردانی سەربازی وەكو مودێلی بۆسنا و هەرسەك لە بەرانبەر رژێمی بەشار ئەسەد بەكاربهێنێت.
سەرۆك وەزیری توركیا لە بەشێكی دیكەی گۆتارەكەی خۆیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە و حكوومەتی توركیایش بۆ سەر خستنی ئەو قۆناغی دەستی بە جێبەجێ كردنی هەنگاوی زۆر گرنگ و هەستیار كردووە.
ئەردۆغان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە حكوومەتی توركیا لە چوارچێوەی ئامانجەكانی خۆی بۆ ساڵی 2023دا هەوڵ بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزەكردنی توركیا دەدات.




