سالم تۆما: داوایان کرد دژایەتی کورد بکەم، بۆیە لە لیستی رافیدەین کشامەوە

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ کاندیدێکی لیستی رافیدەین کشانەوەی خۆی لەو لیستە راگەیاندو ھۆکارەکەشی بۆئەوە گەڕاندەوە کە داوایان لێکردووە دژایەتی کورد بکات
سالم تۆما کاکۆ سەرۆکی لیستی رافیدەین لەپەرلەمانی کوردستان و کاندیدی لیستی دیموکراتی ئاشوری بەkdp.infoراگەیاند: دەست لە کارکێشانەوەی خۆم لە سەرۆکی لیستی رافیدەین لە پەرلەمانی کوردستان و لیستی ئێستای رافیدەین بۆ خولی داھاتووی پەرلەمان لەو لیستە پێشکەش کردووە.
سەبارەت بەھۆکارەکەی سالم تۆما کاکۆ گوتی: پێوەری سەرۆکی لیستی رافیدەین لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی کوردستان بوو، منیش ئەمەم قبول نەکرد، بۆیە لەو لیستە کشامەوە.
تۆما کاکۆ راشیگەیاند: پێش چەند رۆژێک سەرۆکی لیستی رافیدەین یونادم کەنا سەردانی منی کرد، بەڵام ئەویش ملکەچی مەکتەبی سیاسی بووە کە لە بەغدان، چونکە ئەوان بەپێی بڕیارەکان بەغدا کاردەکەن .
سەرۆکی لیستی رافیدەین روونیشیکردەوە، ئەوان دەڵێن کە تۆ لە پەرلەمانی کوردستان زۆر ھاوکاری لایەنە کوردیەکانت کردووە، ناکرێت بەم شێوەیە بێت و پێویستە دژایەتی ئەوانت کردبا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنیا لە لیستی رافیدەین، بەڵکو لە بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوریش خۆم کێشایەوە، کە 21ساڵە ئەندامم لەو حیزبە.




