بەشیر ئاتالای: بەشی كوردی ئاژانسی ئانادۆڵ دەبێتە هۆكاری گەورەتر بوونی توركیا

ئەنقەرە- KDP.info/ وەكو پێشتر بڕیاربوو، رۆژی یەكشەممە یەكی ئەیلوول بەشی كوردی ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵی توركی لە شاری هەولێر دەستی بە كار كرد و بەرپرسانی توركیاش هەر یەك بە شێوەیەك ئەم هەنگاوە هەڵدەسەنگێنن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەشیر ئاتالای باسی دەستبەكار كردنی بەشی كوردی ئاژانسی ئانادۆڵی كردووە و رایگەیاندووە كە ئەم هەنگاوە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و دەبێتە هۆكاری گەورەتر و بەهێزتر بوونی توركیا.
هەر لەم بارەیەوە ماڵپەڕی رەسمی پارتی گەلی كۆماری ( جەهەپە)یش بڵاویكردەوە كە سەرۆكی ئەو پارتە كەمال قڵێجدارئوغڵۆیش دەست بەكار كردنی بەشی كوردی ئاژانسی ئانادۆڵی بە گرنگ وەسف كردووە و رایگەیاندووە كە ئەم هەنگاوەی ئاژانسی ئانادۆڵ دەبێتە هۆكاری بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و تورك.




