كار و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا

ھەولێر_تایبەت بەKDP.info/ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 1/9/2013 تارق جه‌وهه‌ر راوێژكاری راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له ته‌لاری په‌رله‌مان به ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا تیشكى خسته سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا.
له كۆنگره‌كه‌دا راوێژكارى راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر ئامارى چالاكیى و دانیشتنه‌كان و یاسا و بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى له ساڵى 2009 ه‌وه تا 30/6/2013 و رایگه‌یاند: "له ماوه‌ى چوار ساڵى خولى سێیه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان 256 دانیشتنى ئه‌نجام داوه كه 29 دانیشتنى نا ئاسایی و 227 دانیشتنى ئاسایی بووه و له‌و ماوه‌یه‌دا 79 یاسا و 73 بڕیاری له سه‌رجه‌م بواره جیاجیاكان ده‌ركردووه".
هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا راوێژكارى راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاند"له ماوه‌ى چوار ساڵى خولى هه‌ڵبژاردنى سێیه‌مى په‌رله‌مان دا له 20/8/2009 – 26/7/2013 په‌رله‌مانی كوردستان 51 دانیشتنى بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ى هه‌رێم ته‌رخانكردووه و ساڵى 2013 یش زۆرترین دانیشتن بۆ بودجه ته‌رخانكراوه كه 15 دانیشتن بووه"، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "كه‌مترین ساڵیش 10 دانیشتن بووه له ساڵی 2011 و خولى سێیه‌می په‌رله‌مانیش باشترین خول بووه له رووی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ى هه‌رێمی كوردستان و بۆ یه‌كه‌مجاریش له ماوه‌ى 8 ساڵی رابردوودا بودجه‌ى ساڵی 2013 پێنج مانگ زووتر هاتۆته په‌رله‌مان"و ئه‌مه‌شى به هه‌نگاوێكى دڵخۆشكه‌ر وه‌سفكرد كه له‌چاو ساڵانى پێشووتردا بودجه زووتر هاتۆته په‌رله‌مان و زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه.
له به‌شێكى تر‌ى كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، راوێژكارى راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان تیشكى خسته سه‌ر ئه‌و پڕۆژه یاسایانه‌ى كه له ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا ره‌تكراونه‌ته‌وه له نێوان ساڵانى 2010 – 2013 كه 13 پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر بوون، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووى په‌رله‌مانى كوردستان د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك وه‌زیرانی كابینه‌ی شه‌شه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانى بۆ لێپرسینه‌وه بانگهێشتى په‌رله‌مان كردووه و دواى دانیشتنێكى چه‌ند سه‌عاتى له 9/3/2011 په‌رله‌مان به ده‌نگی 67 ئه‌ندام به‌رانبه‌ر به 28 ئه‌ندام متمانه‌ى پێبه‌خشرایه‌وه، هه‌روه‌ك رایگه‌یاند: "دوو وه‌زیرى كابینه‌كه‌ش كه ئه‌وانیش وه‌زیرانى پێشمه‌رگه و ناوخۆ بوون بانگهێشتى په‌رله‌مان كراون بۆ لێپرسینه‌وه و وه‌رگرتنه‌وه‌ى متمانه لێیان ،به‌ڵام به‌ده‌نگى زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ره‌تكراونه‌ته‌وه".
هه‌ر له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، راوێژكارى راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به سیاسه‌تى كرانه‌وه‌ى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به رووى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پسپۆڕان و شاره‌زایانى بواره جیاجیاكان و ناوه‌نده زانستى و ئه‌كادیمییه‌كان و رێكخستنى چه‌ندین ۆرك شۆپ و سیمینار و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه كرد بۆ به‌شداربوون له گفتوگۆكردنی چه‌ندین پڕۆژه یاسای گرنگ به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى بیروبۆچوونیان له‌باره‌یانه‌وه له پێناو ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه یاساكان، له‌وانه پڕۆژه یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى و پڕۆژه یاسای قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌ڵگرتنى چه‌ك و چه‌ندین پڕۆژه یاساى تر.
له كۆتایی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا راوێژكاری راگه‌یاندنى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى رۆژنامه‌ونووسانی دایه‌وه كه سه‌باره‌ت به چه‌ندین پرسی هه‌نووكه‌یی ئاراسته‌ى كرابوون، وه‌ك هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و هه‌وڵه‌كانى په‌رله‌مان بۆ پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ناوى ده‌نگده‌ران و پێویستیی جێبه‌جێكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.




