تونس: بەردەوامی خۆپێشاندانەکان قەیرانی سیاسی ئەو وڵاتە بەرەو خراپی دەبات

تونس – KDP.info / لەگەڵ ئەوەی لە تونس قەیرانی سیاسی بەرەو خراپی دەچێت، شەوی رابردوو هەزاران هاووڵاتی لەو وڵاتەدا ڕێپێوانیان لەپایتەخت ئەنجامدا و داوایان لەحكومەتی ئیستای تونس کرد کە پارتی نەهزەی ئیسلامی بەرێوەی دەبات، دەست لەكاربكێشێتەوە. رادیۆ سەوا بڵاویکردەوە؛ کە بەهۆی سیاسیەتە تووندڕەوەکانی پارتی دەسەڵاتداری ئیسلامی لە تونس ڕێپێوانەكە لەلایەن گروپێكەوە بەناوی بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانییەوە سازکراوە و تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی دامەزراندن كرا كە لەساڵی دوو هەزار و یانزەدا بەمەبەستی نوسینەوەی دەستوور هەڵبژێردرا. وەک سەوا بڵاویکردۆتەوە : ئەو ڕێپێوانانە دوای ئەو زنجیرە دانانوستانانە هاتووە كە لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت بە نێوەندكاری یەكێتی سەندیكای كرێكارانی تونس بەبێ هیچ ئەنجامێك بەڕێوەچوو. لەدوای ڕووخانی زەینولعابدین بن عەلی سەرۆكی پێشووی تونس لەساڵی دوو هەزارو یازدەدا، لەو وڵاتەدا چەندین هەوڵ بۆ هێنانە كایەی بنەمای دیموكراسی دراوە بەڵام بەهۆی سیاسیەت و دەسەڵاتی حكوومەتەكەی نەهزەی ئیسلامی تا ئێستا هیچ بەرەو پێشوە چونێک نابینرێت.




