کۆمسیۆن: ژمارەیەکی زۆر سەرپێچی لە بانگەشەی ھەڵبژاردن روویداوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لەھەموو شارو شاروچکەکانی ھەرێمی کوردستان سەرپێچی لە بانگەشەی ھەڵبژاردن کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆن لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکھێناوە.
عەبدولرەحمان خەلیفە بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەکان لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: لیژنەکانی ئێمە کۆمەڵێک سەرپێچی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان تۆمارکردووە و ئێستاش لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە دەکرێت.
عەبدولرەحمان خەلیفە گوتیشی: ژمارەیەکی زۆری سەرپێچی تۆمارکراوە، بەڵام لە بەرئەوەی تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە لە لێکۆڵینەوە ناتوانن ژمارەکە دیاری بکەن.
خەلیفە رونیشیکردهوە، لە زۆرینەی شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان سەرپێچی کاراوە .
بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەکان لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: لە زۆر شوێن سەرپێچی کراوە، بەڵام بەھۆی نەزانینی قەوارەکە بووە و نەیزانیوە کە لەوشوێنە قەدەغەیە.
سەبارەت بەسزای لایهنی سەرپێچی كار ناوبراو گوتی: ئێمە دوو جۆر سزامان ھەیە ئەویش سزای مادی و سزای مەعنەوەی سزای مەعنەوی لیستێکی سەرپێچی ھەیە ئەو لایەنەی سەرپێچی دەکات ناوی دەچێتە ئەو لیستە، بەڵام ئەوەی دیکە مادیە و ئەگەر بەردەوام بێت سزاکەی زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمەش بە چەند قۆناغێک تێپەردەبێت تاوەکو رووندەبێتەوە.
بڕیارە رۆژی 21/9/2013ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبەشداری 32قەورەی سیاسی بەرێوەبچێت.




