حكوومەتی توركیا خۆی بۆ خۆپیشاندانی گەزی دووەم ئامادە كردووە

ئەنقەرە-KDP.info/ دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لە سەر دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لە توركیا لە وەرزی پایزدا، حكوومەتی ئەو وڵاتەیش دەستی بە ئامادەكاری بۆ رووبەروو بوونەوەی خۆپیشاندانەكان كردووە و لەم چوارچێوەیەدا رۆژی یەكشەممە وەزارەتی ناوخۆی توركیا بریارنامەیەكی ئاراستەی هەر هەمووی هێزەكانی پولیسی ئەو وڵاتە كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئینتێرنێت خەبەر بڵاویكردەوە كە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ رووبەروو بوونەوەی خۆپیشاندانەكانی پایز كە بە خۆپیشاندانی گەزی دووەم ناسراون، حكوومەت دەستی بە ئامادەكاری كردووە و وەزارەتی ناوخۆی توركیایش بریارنامەیەكی ئاراستەی هەر هەمووی هێزەكانی پولیسی ئەو وڵاتەی كردووە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا لەو بریارنامەیەدا داوای كردووە كە نابێت وەكو گەزی یەكەم پولیس لە دژی خۆپیشاندانەكان هێز و توندوتیژی بەكار بهێنێت، چونكە لە حاڵەتێكی بەمجۆرەدا ئەوا ئاژاوەگێڕەكان دەست بە نانەوەێ ئاژاوەی گەورەتر دەكەن.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغانیش ئاماژەی بەوە كردبوو كە لە ئەگەری روودانی خۆپیشانداندا ئەوا پولیسی توركیا لە چوارچێوەی یاسادا ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات و گوێ نادانە رەخنە و وتەكەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی.




