ئەشواق جاف: تەمەنی پەرلەمان رێگە نادات یاسا هەستیارەكان پەسەند بكرێن

KDP.info/ ئەندامێكی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەران بەدووری دەزانێ لەم ماوە كەمەی تەمەنی پەرلەماندا هیچ یاسایەكی هەستیار پەسەند بكرێ و ئێستا پەرلەمان سەرقاڵی یاساكانی هەڵبژادن و بودجەیە.
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند : ئەو قسەوباسانەی هەندێك رەواجی پێدەدەن لەبارەی پەسەندكردنی ژمارەیەك یاسا لەو تەمەنە كەمەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ماویەتی كارێكی زۆر قورسە و بگرە مەحاڵیشە كاری لەو جۆرە بكرێ، ئەویش بەبەراورد بەو تۆمار و كاتەی یاسا هەستیارەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەریان پێویستیانە.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی كوردستانی پێشبینی ئەوەی كرد كە تەنیا دوو یاسا پەسەند بكرێن لەو ماوەیەی ماویەتی لەتەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەوانیش یاسای هەڵبژاردنەكان كەئێستا كاری لەسەر دەكرێ و یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2014یە.
رونیشیكردەوە قسەوباسكردن لەبارەی پەسەندكردنی زیاتر لەهەردوو یاسای هەڵبژاردنەكان و بودجەی گشتی 2014ەوە بەدووریدەزانم ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانانەی لەنێوان بارستە سیاسیەكاندا هەیە.
زیاتر گوتی، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق هۆكارێكی دیكەیە بۆ پەسەندنەكردنی ئەو یاسایانەی ناكۆكییان لەسەرە، بەو هۆیەی زۆربەی بارستە سیاسیەكان كێبڕكێی هەڵبژاردنیان دەبێ و بۆدەركەوتن و زۆربوونی جەماوەریان بیانەوێ یاساكان لەئەنجوومەنی نوێنەراندا تێبپەڕێنرێت.




