دەبێ ڕێككەوتننامەی هەولێر ببێتە بنەمای چارەكردنی كێشەكان

لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بە سەرۆكایەتیی سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ (مام جەلال) و بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم (سەرۆك مەسعوود بارزانی) و سەرۆكی رەوتی سەدر (موقتەدا سەدر) و سەرۆكی لیستی عێراقییە (ئەیاد عەللاوی) و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئوسامە نوجێفی) دەستی پێ كرد و دوای كۆبوونەوەكەیش، بەیاننامەیەك ڕاگەیەندرا.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د. فوئاد حوسێن) دەقی بەیاننامەكەی بۆ رۆژنامەنووسان خوێندەوە كە تێیدا هاتووە: “بەیاننامەی دەرچوو لە كۆبوونەوەی راوێژكاری. سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ جەنابی (جەلال تاڵەبانی) كۆبوونەوەیەكی راوێژكاریی لە بارەی رەوشی ئێستای عێراقەوە ساز كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەریەك لەم بەڕێزانەی خوارەوە ئامادە بوون: سەماحەتی (موقتەدا سەدر) سەرۆكی لیستی عێراقییە (د. ئەیاد عەللاوی) و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئوسامە نوجێفی) و سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كە تێیدا جەخت لە خزمەتكردنی گەلی عێراق و باشتركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بە خێراترین كات كرایەوە لەگەڵ جێبەجێكردنی داواكارییەكاندا.”
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ڕوونیشی كردەوە: “هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەكی جیددی هەڵوەستە لەسەر كێشەكانی گەلانی عێراق كرا، هەر بۆیە پێداگیری لەسەر ئەوە كرا كە بە زووترین كات خەڵكی عێراق خزمەتەكانیان بە دەست بگات. هەروەها چارەكردنی هەر گرفتێكی دیكە ئەگەر بوونی هەبێت.
هاوكات پەرەپێدانی دیموكراسییەت و رێگەخۆشكردن بۆی لە كاروبارەكانی وڵاتدا، هەروەها گەشەپێدانی كاری هاوبەش لە نێوان سەرجەم كوتلە سیاسییەكانی عێراق، بە گەڕانەوە بۆ پێگە نیشتمانییەكان و تەوافوقی نیشتیمانی. هەروەها هەموو ئەو كۆسپانە تێك بشكێنرێن كە دێنە رێگەی پڕۆسەی دیموكراتی و خزمەتگوزارییەكان و سەربەخۆییەكان.”
گوتیشی: “ئەو كۆبوونەوە راوێژكارییە جەختی لە زەروورەتی چارەی ئەو قەیرانە كردەوە كە بوونی هەیە، چونكە بەردەوامبوونی مەترسییەكی بەردەوامە لەسەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان، هەربۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا بە پێویست زانرا كە رێككەوتننامەی هەولێر جێبەجێ بكرێت، كە ئەوە یەكێك بوو لەو خاڵانەی جەنابی سەماحەتی (موقتەدا سەدر) جەختی لێ دەكاتەوە لەگەڵ ئەوەی كە پێویستە هەموو هەنگاوەكان لە چوار چێوەی دەستووردا بهاوێژرێن.”
شایەنی باسە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە زیاتر لە 3 سەعاتی خایاند، هەریەكە لە جێگری سەرۆكی هەرێم (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) و جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) و جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ (د. رۆژ نووری شاوەیس) ئامادەی بوون.




