حكوومەتی توركیا دەست بە پرۆژەی كرانەوە بە رووی عەلەوییەكاندا دەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا حكوومەتی ئەو وڵاتە بە نیازە كە پرۆژەیەك بە ناوی پرۆژەی كرانەوە بە رووی عەلەوییەكاندا دەست پێ بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حاكمیەت بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی وەزیری كاروباری ئاینی توركیا محەمەد گۆرمەز راپۆرتێكی سەبارەت بە عەلەوییەكانی توركیا پێشكەشی شەرۆك وەزیری ئەو وڵاتە كردووە.
وەزیری كاروباری ئاینی توركیا لەو راپۆرتەدا داوای كردووە كە جەمخانەكانی عەلەوییەكان بكرن بە عیبادەتخانە بۆ عەلەوییەكان و هاوكات لێژنەیەك وەكو وەزارەتی كاروباری ئاینی بۆ عەلەوییەكانیش دابمەزرێت تا عەلەوییەكانیش بتوانن لە رێگەی ئەو لێژنەیەوە نوێنەری خۆیان بنێنرە وەزارەتی كاروباری ئاینی.
لە بەشێكی دیكەی ئەم راپۆرتەدا داوا كراوە كە پێویستە لە توركیا لێژنەیەك بە ناوی لێژنەی باڵای ئاینی دابمەزرێت و عەلەوییەكانیش لەم لێژنەیەدا نوێنەریان هەبێت و وەكو مسڵمانەكانی توركیا عەلەوییەكانیش لە هەر جۆرە ماف و ئیمتیازاتێك سوودمەند ببن.




