سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان زنجیره ته‌قینه‌وه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی به‌غدا ئیدانه ده‌كات

به‌داخه‌وه دوێنێ چوار شەممه 28/8/2013 زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وەی تیرۆریستی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای به‌غدا روویان دا و له ئه‌نجامدا به ده‌یان هاووڵاتی بێگوناح شه‌هید و بریندار بوون و زیانێكی زۆریش به موڵك و ماڵی هاووڵاتیان گه‌یشت.
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆر به توندی ئه‌و كاره تیرۆریستییانه مه‌حكووم ده‌كه‌ین. زیادبوونی کردە تیرۆریستیه‌كان، به تایبه‌تی له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، مایەی نیگه‌رانین و پێویستە هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددی و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌باره‌وه بكرێ، بۆئه‌وه‌ی حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان میكانیزمێكی كارا بدۆزنه‌وه و ئاسوودەیی ژیانی هاووڵاتیان بپارێزرێت و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییانه ڕاده‌ستی یاسا بکرێن.
هه‌ر لێره‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ین و ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی به په‌له‌یش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان
29/8/2013





