کۆمەڵەی سەلامەتی هاتوچۆ لە کوردستان داوای پاراستنی گیانی هاوڵاتیان ده‌کات

هه‌ولێر - KDP.info/ کۆمەڵەی سەلامەتی هاتوچۆ لە کوردستان لە پەیامێکیدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات، له رێگای کۆبونه‌وه‌کان و میدیاکانەوە، بۆ سه‌لامه‌تی هه‌مو هاتوچۆکه‌ران رێنمایی به چالاکوانان و لایه‌نگرانی خۆیان و هاوڵاتیان رابگه‌یه‌نن و داوایان لێ بکه‌ن جێبەجێی بکەن. لە پەیامەکەی کۆمەڵەی سەلامەتی هاتوچۆدا هاتووە، به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژار‌دنه گرنگ و دڵخۆشکه‌رانه‌دا، کرده‌وه‌ی مه‌ترسیدار و نایاسایی له هاتوچۆدا رووده‌ده‌ن. بەشێوەیەکی گشتی وه‌ک له کاتی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەدیکراوە، بەشێک لە چالاکییه‌کانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە رێگەی ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی هاوڵاتیان و لەسەر شەقامە گشتی و قەرەباڵغەکانی شار و شارۆچکەکاندا ئەنجام دەدرێن. کۆمەڵەی سەلامەتی هاتوچۆ لە کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوە داواکانی خۆیان بۆ لایەنگرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان خستۆته‌روو:
- تیژره‌و مه‌بن و له‌کاتی چالاکییه‌کاندا و خێرایی ئوتۆمبیله‌کانتان که‌مبکه‌نه‌وه! حه‌ماسه‌ت و دڵگه‌رمیی هه‌ڵبژاردن به تیژڕه‌ویی و پێشبڕکێ ده‌رمه‌بڕن!
- له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به‌سه‌رخۆشیی ئۆتۆمۆبێل لێمه‌خوڕن!
- له شوێنی مه‌ترسیدار و نه‌گونجاودا، وه‌ک سه‌ر بۆدی و سه‌قفی ئۆتۆمۆبێل، دامه‌نیشن! وه لە پشتی ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەکان بەشێوەی نابەجێ سوارمەبن! سەر دەرهێنان لە جام و سلایدەوە مه‌ترسیداره بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئۆتۆمۆبێلەکە بەخێرایی لێبخوڕدرێت!
- منداڵان له‌ناو ئۆتۆمۆبێل و شوێنی مه‌ترسیداردا به‌شدار مه‌که‌ن له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا!
- نابێ کۆسپ له رێگاوبانه‌کاندا دروستبکرێ و به‌خراپی ئۆتۆمۆبێل رابگرن که مه‌ترسیی دروستبکات!
- دڵنیاتره شۆفێران لە نزیک کۆبونەوە جەماوەریەکان و بنکەکانی بانگەشەی لایەنەکاندا خێراییەکانیان کەم بکەنەوە، ئەوەش بەهۆی بونی قەرەباڵغی زۆر و مەترسیی له‌سه‌ر هاتوچۆی پیادەکان!
- نابێت پۆسته‌ر و بابه‌تی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بە تابلۆکانی رێنوێنی هاتوچۆدا هەڵبواسرێن!
- پێویسته هه‌مو کات پشتێنی دڵنیایی به‌کاربهێنن!
- بۆ دڵنیایی و ره‌وتی هاتوچۆیه‌کی باش، هاوکاریی پۆلیسەکانی هاتوچۆ بکه‌ن، چونکه ئەرکیان قورسه و ئه‌وان بۆ خزمه‌تی هاتوچۆکه‌ران له سه‌ر رێگاوبانه‌کانن!




