له ههرێمی کوردستان 250 كۆمپانیا مایەپووچبونی خۆیان راگەیاند

ههولێر- KDP.info/ یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ئاشکرای دهکات که لەماوەی 2 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 250 كۆمپانیا له ههرێمی کوردستان مایەپووچبونی خۆیان راگەیاندوە، كە 200 كۆمپانیایان لە پارێزگای سلێمانیه و 50 دیکهش لەپارێزگای هەولێرن.به پێ ئامارێک که یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بڵاویکردۆتهوه،هۆكاری مایەپووچ بوونی كۆمپانیاكان بۆ قەرزار بوون و تەواونەكردنی پرۆژەكانیان و بەرز و نزمی دۆلارو كێشەكانی پهێوەست بە دادگا دەگەرێتەوە.بە پێی ئامارەكانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان زیاتر لە 3 هەزار بەلێندەر لە هەرێمی كوردستان هەیە كە هەزارو 306 بەڵێندەریان لە هەولێرو هەزارو 67 بەلێندەریان لە سلێمانیەو 693 بەڵێندەریان لە دهۆكەو 32 بەڵێندەریان لە گەرمیاندایە. لای خۆشییهوه سەرۆ ئیسماعیل دزەی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان به رێگای کوردستان راگهیاندووه: که مایەپووچبونی نێو بە ڵێندەران دیاردەیەكی مەترسیدارە و لەو ماوەیە سەری هەڵداوە و یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی مایەپووچبونی بەڵێندەران دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە بەڵێندەرایەتی.که له وڵاتانی جیهان ههیه.




