لە دەستووری نوێ توركیادا رێگە بە زمانی كوردی نەدرا ببێتە زمانی پەروەردە

ئەنقەرە- KDP.info/ لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی ئامادەكاری دەستووری بنەڕەتی توركیا سەبارەت بە چوار مادە نەگۆڕەكەی ئەو دەستوورە، رۆژی چوارشەممە كۆمیتەی ناوبراو كۆبوونەوەیەكی دیكەی سازكرد و لەم كۆبوونەوەیەدا باسی زمانی رەسمی توركیا كرا.
لەمبارەیەوە كاناڵی سی ئین ئینی توركی بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی كۆمیتەی ئامادەكاری دەستووری نوێ توركیادا، هەر سێ پارتی ئاكەپە، جەهەپە و مەهەپە لە سەر چوار مادە نەگۆڕەكەی دەستووری توركیا پێكهاتوونە.
بە پێیئەم پێكهاتنەی ئەو سێ پارتە چوار مادە نەگۆڕەكەی دەستووری توركیا هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكیان تێیدا ناكرێت و زمانی رەسمی توركیایش هەر زمانی توركی دەمێنێتەوە و زمانی كوردیش نابێتە زمانی پەروەردە لە توركیا.
بەدەپە نارەزایەتی خۆی لە بەرامبەر پێكهاتنی ئاكەپە لەگەڵ جەهەپە و مەهەپە لە سەر ئەو چوار مادەیە دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم پێكهاتنە دەبێتە هۆكاری بەردەوام كردنی سیاسیەتی نكۆڵی كردن لە هەبوونی كورد لە لایەن دەستووری بنەڕەتی توركیاوە.




