٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەفدێكی هاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمرۆ چوارشەممە 28ـی 8ـی 2013 لە سەڵاحەدین بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە بەڕێز خوزەیر خوزاعی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵی و شاندی هاوڕێی لە هاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق كە پێكهاتبوون لە حەمید موعەلم نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و بەها ئەعرەجی نوێنەری تەیاری سەدر و عەمار توعمە نوێنەری حزبی فەزیلە و خالد ئەسەدی و حەسەن سنێد نوێنەرانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، بەڕێز حوزەیر خوزاعی سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارەكە و ئاماژەی بەوەدا پڕۆسەی سیاسی عێراق رووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە دەبێتەوە كە دەخوازێت چارەسەری پەلە و واقیعی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەویش پێویستی بە لەیەكتێگەییشتنی هەموو لایەنەكانی عێراق هەیە. هەروەها ئەندامانی شاندەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی باسیان لە گرنگی پەیوەندی مێژوویی نێوان كورد و شیعە كرد و كوردیان بە هۆكاری سەقامگیری عێراق داناو ڕایانگەیاند هاتنەكەیان بۆ بەهێزكردنی ئەم هاوپەیمانێتیەیە و ئاماژەیان بە گرنگی بەشداربوونی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق لە بەرێوەبردنی دەوڵەت كرد.

وەفدی میوان ڕایانگەیاند كە هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستپێشخەرییەكیان بەدەستەوەیە بەناوی (ئاشتی كۆمەڵایەتی) بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان و بەرقەراركردنی پێكەوەژیان ئەویش لەڕێی گرتنەبەری شێوازی ئاشتییانە و گفتوگۆ وەكو بنەمای كاركردنی نێوان لایەنەكان و هەر بۆ ئەو مەبەستەش وێنەیەك لەو دەستپێشخەرییەیان پێشكەش بە جەنابی سەرۆك كرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بەشدار بێت  كە لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدا لە داهاتوو دەبەسترێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی، باسی لەوە كرد كە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە و بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە پێویستی بە هەموو جۆرە هەوڵێك هەیە. هەروەها باسی لەوە كرد ئەزموونی رابردووی عێراق سەڵماندوویەتی حوكمی عێراق بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی پێكهاتە و لایەنەكان سەركەوتوو نابێت، بەڵكو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەنیا بە تێگەیشتن و بەشداری سەرجەم لایەنەكان دەهێتە دی.

سەرۆك بارزانی جەختی لەوش كردەوە كە پەیوەندی نێوان كورد و شیعە گرنگ و ستراتیژییە و سەرچاوەی سەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و دەستپێشخەرییەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی بە گرنگ زانی و پشتیوانی خۆی بۆ سەركەوتنی دەربڕی و جەختی كردەوە كورد لەگەڵ هەموو هەنگاوێكدایە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار