ئاڵتان تان: هەم ئەندامانی ئەرگەنەكون ئازاد دەكرێن هەم ئۆجەلان

دیاربەكر-KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری دیاربەكری بەدەپە ئاڵتان تان لە لێدوانێكدا باسیبارودۆخی سیاسی توركیا و داهاتووی پێشهاتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتەی كردووە و رایگەیاندووە كە لە داهاتوودا هەم ئەندامانی ئەرگەنەكون ئازاد دەكرن هەم عەبدوڵلا ئۆجەلان.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە پەرلەمانتاری شاری دیاربەكری پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) ئاڵتان تان رایگەیاند كە بە هۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا ئەگەر ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا لە ماوەی دیاریكراودا زۆر لاوازە.
ئاڵتان تان سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری پرسی كوردیش رایگەیاندووە كە قۆناخی چارەسەری بەشێكە لە پلانی ئەردوغان و ئاكەپە بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنەكان بۆیە ئاكەپە و حكوومەت نایانەوێ بەر لە هەڵبژاردنەكان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاوی گرنگ بنن.
تان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا باسی دەركردنی یاسای لێبووردنی گشتی كردووە و گوتوویەتی: رەنگە ئێستە بەرنامەیەكی حكوومەت بۆ دەركردنی یاسای لێبووردنی گشتی نەبێت بەڵام لە داهاتوودا حكوومەت ناچار دەبێت یاسایەكی بەمجۆرە دەربكات و لە كاتی دەر كردنی یاسایەكی بەمجۆرەیشدا هەم ئەندامانی ئەرگەنەكون و هەم عەبدوڵڵا ئوجەلان لە زیندان ئازاد دەكرن.




