بڕیاری دادگا لەبارەی ماوەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كاردانەوەی لێكەوتەوە

بەغدا – KDP.info/ پاش ئەو بڕیارەی دادگای باڵای ئیتیحادیی عێراق دەریكرد و بە هۆیەوە یاسای دیاریكردنی ماوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی رەت كردەوە دوو بەرەكی و دابەشبوونێك لەناو گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا سەری هەڵدا. بەپێی ئەو بڕیارە نووری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەتوانێت بۆ سێیەمین جاریش خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكاتەوە. لەو چوارچێوەیەدا عەلی مووسەوی راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە بڕیارەكە كردو داوای لە هێزە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران كرد لە بڕیاری دادگەی ناوبراو بگەن. هاوكات ئەندامێكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد رێزی خواستی گەل بگرن لە هەڵبژرانەكانیدا. لای خۆیەوە لیستی موتەحدون رایگەیاند كە خۆكاندیدكردنەوەی نووری مالكی بۆ سێیەمین جار بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رەت دەكاتەوە. لای خۆیەوە لیستی عیراقییە رەتكردنەوەی ئەو یاسایەو هەڵوەشاندنەوەی بڕگە بیست و سێی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی تایبەت بە كەركووكی بە رێككەوتنێكی سیاسی ناوبردو لەو بارەوە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستەكە لە توێتەردا نووسی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان هەموو دەزگە راگەیاندنەكانی دەوڵەت بۆ پڕوپاگەندەكردنی بەردەوام بوونی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ سێیەمین جار بەكاردەهێنێت. جێی ئاماژەیە دادگەی باڵای فیدراڵی عیراق رۆژی دووشەممە یاسای دیاریكردنی ماوەی پۆستی هەرسێ سەرۆكایەتی لە عیراق رەتكردەوە كە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بیست و شەشی كانوونی دووەمی رابوردوودا پەسەندی كردبوو.




