٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كاردانەوەی وڵاتانی جیهان سەبارەت بە سوریا و ئەگەری بەكارهێنانی هێز بۆ لەناوبردنی رژێمی ئەسەد

سەرچاوە: KDP.info

واشنتۆن – KDP.info/ كۆشكی سپی رایگەیاند كە ناكرێت بڵێین چەكی كیمیایی لە سوریا بە كار نەهێنراوە و گومانیش لەوەدا نییە كە رژێمی سوریا ئەم چەكە كیمیاییەی بەكار هێناوە و ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە . هاوكات جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند بە دڵنیایی چەكی كیمیایی لە سوریا بەكار هاتووە و رژێمی ئەسەدیشی تۆمەتباركرد بەوەی هەوڵی شاردنەوەی بەڵگەكان دەدات . هاوكات كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا بەردەوامن و رووسیاش لە هەر دەستێوەردانێكی سەربازی لە سوریا هۆشداری دا . جای كارنی گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی رایگەیاند كە بەڵگە لە سەر بەكار هێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی سوریاوە ئاشكرایە و نابێت خۆمانی لێ لادەین و پێویستیشە زۆر بە توندی وەلامی بدەینەوە . روونیشیكردەوە سەرۆك ئۆباما ئێستا خەریكی گفتوگۆكردنە لە گەڵ راوێژكارانی ئاسایشی نەتەوەیی و لێژنەی هەواڵگریش خەریكە كە هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو رووداوە بكات . راشیگەیاند كە سەرۆك ئۆباما چەندین رێگەی لە بەردەم دایە بۆ وەلامدانەوە و لە كاتێكی نزیكیشدا رایدەگەیەنێت . لەلایەكی دیكەوە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند ئەوەی لە سوریا روویدا تاوانێكی قێزەونە كە ویژدانی هەموو جیهانی هەژاند و كوشتنی هەرەمەكی هاوولاتیانی مەدەنی كارێكی نائەخلاقییە . هەروەها رژێمی بەشار ئەسەدی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵ دەدات بەڵگەكان بشارێتەوە . وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رەخنەی لەو وڵاتانەش گرت كە گومانیان هەیە لەوەی ئەم هێرشە كیمیاییە لە سوریا ئەنجامدراوە . لەلایەكی دیكەوە بە پێی سەرچاوەیەكی حكومەتی بەریتانیا دیكەوە دەیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە پشووی ئاسایی خۆی تەواو ناكات و دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی گشتی بریتانیادا چۆنیەتی وەلامدانەوەی ئەو راپۆرتانەی كە ئاماژە بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا دەدەن، تاوتوێ بكەن . هاوكات گوتەبێژ بەناوی كاترین ئاشتون بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند لە دەزگاكانی راگەیاندن بەهیچ شێوەیەك باس لە چۆنیەتی وەلامدانەوەی بەكارهێنانی چەكی كییمیایی لە سوریا ناكەین . بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیش رایگەیاند كە پێویستە راستیەكانی ناوچەی غوتەی رۆژهەلات لە دیمەشق ئاشكرا بكرێت . وەیزی دەرەوەی ئەلمانیاش هۆشداری دایە رژێمی سوریا كە ئەگەر سەلمێنرا چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، ئەوا خۆی دووچاری دەرەنجامەكانی دەبێتەوە. توركیاش لەلایەن خۆیەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا بەوەی بەشداری هەر هاوپەیمانییەكی سەربازی بكات بۆ رووبەرووبوونەوەی رژێمی بەشار ئەسەد . هەروەها یوشیهیدی سۆگا گوتەبێژ بەناوی حكومەتی ژاپۆن لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند كە تۆكیۆ هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكات سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا و چاودێری پێشهاتەكانیش دەكات . بە دیوێكی پێچەوانەدا رووسیا هۆشداری دایە ئەمەریكا كە بە هێزی سەربازی دەست نەخاتە ناو كاروباری سوریاوە . لەوبارەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی كردەوە كە روسیا ناچێتە جەنگی دژ بە سوریا . لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی روسیا لە گەڵ جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە دەستتێوەردان و هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریا هەموو هەوڵەكانی ئاشتی لەناو دەبات . ئێرانیش بەهەمان شێوە هۆشداری لە هێرش كردنە سەر سوریا دا. جەنەرال مەسعود جەزائیری جێگری سەرۆك ئەركانی هێزەكانی ئێران رایگەیاند كە ئەمەریكا نازانێت هێلی سووری بەرەی سوریا كوێیە و هەر بەزاندنێكی ئەو هێڵە سوررەش ئەمەریكا دووچاری دەرەنجامی خراپ دەكاتەوە . هاوكات حكوومەتی چینیش رایگەیاند كە پشتگیری لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی دەكات لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا . لەلایەن خۆشیەوە عومران زوعبی وەزیری راگەیاندنی رژێمی سوریا رایگەیاند سوریا تەنها ئەوەی لە بەردەمدایە بەرگری لە خۆی بكات لەو دەستدرێژیانەی كە دەكرێنە سەری . زوعبی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی مەناری سەر بە حزبولڵای لوبنانی رایگەیاند ئەگەر ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر سوریا رووبدات ئەوا سوریا بەرگری لە خۆی دەكات . هیواشی خواست كە ئەم شەرە روونەدات چونكە شەرێكی بێ بنەمایە و هەرەس دەهێنێت چونكە بەگوتەی وەیری راگەیاندنی رژێمی سوریا لێژنەی پشكێنەران دەستی بەكارەكانی خۆی كردووە و وڵاتانی رۆژئاواش هیچ بەڵگەیەكیان نییە بیسەلمێنێت رژێمی سوریا چەكی كیمیایی بەكار هێناوە .   

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار