كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان: نابیت مادەكانی غەڕەو سمغ بۆ هەڵواسینی پۆستەر بەكاربهێنرێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / وابڕیارە بەیانی سەرجەم قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەست دەكەن بە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان نابێت هیچ لایەن و قەوارەو كاندیدێك سەرپێچی رێنماییەكان بكات و مادەكانی غەڕەو سمغ بەكاربهێنێت بۆ هەڵواسینی پۆستەرەكانیان ئەگەر نا بەپێچەوانە رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.
هندرێن محمد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بۆ( kdp.info ) گوتی: داوا لە سەرجەم لایەن و قەوارەو كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین كە پابەندبن بە رێنماییەكانی كۆمسیۆن بەتایبەتی رێنمایی ژمارە شەش كە چوارچێوەیەكی یاسایی داناوە بۆ سەرجەم قەوارە بەشداربووەكان و لەوچوارچێوەیەشدا نابێت هیچ قەوارەو كاندیدێك مادەكانی غەڕەو سمغ بۆ هەڵواسینی پۆستەرەكانیان بەكاربهێنن چونكە ئەو جۆرە مادانە دەبنە هۆی پیسكردنی ئەو شوێنانەی كە ئەو پۆستەرانەیان لێ هەڵدەواسرێت هەروەها نابێت شوێنە گشتیەكان بۆ ئەو مەبەستە بەكاربهێنن.
گوتیشی: داوا لەسەرجەم قەوارەو لایەنە بەشداربووەكان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك دەستدرێژی و تانە لە پروپاگەندەی یەكدی نەدەن هەروەها نابێت بەهیچ شێوەیەك تۆمەت بۆ كۆمسیۆن هەڵبەستن ئەگەر نا بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا مامەڵە دەكەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر.




