لە هەولێر دوو دز دەستگیر كران

هەولێر-KDP.infp/ نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ڕایدەگەیەنێت كە بە هەماهەنگیی پۆلیسی فریاکەوتن توانیویانە دوو كەس بە ناوەكانی (د.ک.ح) و (ح.پ.س) دەستگیر بكەن كە دوو دەمانچە و بڕێک پارە و چەند ئامێرێکی مۆبایلیان لە ماڵێك دزیبوو.
دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس لە دزرانی کەلوپەلی ماڵێك ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە. دواتر مەفرەزەیەکی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان لە کاتی پشکنینی شوێنی ڕووداوەكەدا بۆیان دەرکەوت کە تاوانباران هێشتا نزیکن لە شوێنەکە، ئەوە بوو بە هەماهەنگیی پۆلیسی فریاکەوتن و نەهێشتنی تاوان توانرا هەردوو تاوانبار بە ناوی (د. ک. ح) و (ح. پ. س) دەستگیر بکرێن.
عەمید محەمەد حەمەدەمین پیرداود ئەفسەری نووسینگەی ڕۆژهەڵات بۆ نەهێشتنی تاوان، ڕایگەیاند کە تاوانباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە بە مەبەستی دزیکردن چوونە ئەو ماڵە و دوو دەمانچە و بڕێک پارە و چەند ئامێرێکی مۆبایلیان دزیوە.
گوتیشی "دادوەر بڕیاری دا بە بەندکردنیان بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە".




