سەعدوڵلا ئەرگین: حكوومەت هیچ کاتێکی بۆ قۆناغی چارەسەری دەستنیشان نەكردووە

ئەستەنبۆل- KDP.info/ وەزیری دادی توركیا سەعدوڵلا ئەرگین لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دوایەی بەرپرسانی پەكەكە سەبارەت بە دەستنیشان كردنی کات و مێژوویەكی دەستنیشانكراو بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد رایگەیاند كە حكوومەت بۆ بەرێوەبردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و بەرنامە و پرۆژەی تایبەتی هەیە.
وەزیری دادی توركیا لە لێدوانێكدا بۆ كاناڵی ئین تیڤی توركی رایگەیاندووە كە حكوومەت بە پێی بەرنامە و پرۆژەكانی پەكەكە هەڵسوكەوت ناكات، حكوومەتی توركیا بۆ بەرێوەبردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەرنامە و پرۆژەی تایبەتی خۆی هەیە و بە گوێرەی ئەم بەرنامە و پرۆژانەی خۆی هەڵسوكەوت دەكات.
سەبارەت بە دەستنیشان كردنی کاتێكی تایبەتیش بۆ بەرێوەبردن و بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغی چارەسەری، وەزیری دادی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەت بۆ ئەم مەبەستە هیچ جۆرە کاتێكی تایبەتی دەستنیشان نەكردووە و ئەو مێژوویانەیش كە لە لایەن پەكەكەیەوە ئاماژەیان پێدەكرێت، تەنیا پڕوپاگەندەیە.




