راپۆرتی شاندی بەدواداچونی راستییەكان لە رۆژئاوا ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكرێت

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ شاندی بەدواداچونی راستییەكان لە رۆژئاوای كوردستان راپۆرتەكەی لەبارەی رەوشی رۆژئاوا پێشكەشی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات . دوای ئەوەی شاندێك لە لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەسەر بڕیاری بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دەرخستنی راستییەكانی رەوشی رۆژئاوای كوردستان سەردانێكی مەیدانیان بۆ رۆژئاوا ئەنجامدا و سەردانی چەند شار و شارۆچكەیان كرد و دواتریش گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، ئەمرۆش لە شاری هەولێر لەلایەن سكرتاریەتی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد پێشوازیان لێكرا و گفتوگۆ لە بارەی ئەو راپۆرتە كە لەبارەی رۆژئاوای كوردستان ئامادەیان كردووە؛ كرا. هەر ئەمڕۆش وێنەیەكی لە راپۆرتەكە رەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا.. لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هەر یەك لە دكتۆر كەمال كەركوكی ئەندامی سكرتاریەتی كۆمسیۆنی بالای ئامادەكاری كۆنگرە و زەكی شنگالی ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە رایانگەیاند كە لیژنەی بەدواداچونی راستیەكان كار و بەدواداچونی زۆر باشیان كردووە و سەركەوتوانە كارەكانیان ئەنجامداوە و هەموو لایەكیش بە ئەدا و دەرئەنجامی كارەكان رازین، بەڵام سەبارەت بە ناورۆكی راپۆرتەكە هیچیان بۆ نێردەی كەنالەكانی راگەیاندن نەدركاند و گوتیان لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەلوێستی خۆی لە ژێر رۆشنایی راپۆرتی لیژنەی بە دواداچونی راستیەكان رادەگێنێت.




