وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ 28/8ی ئەم مانگە درێژكرایەوە

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ وەك ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم؛ وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ 28/8ی ئەم مانگە درێژكرایەوە. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە KDP.infoی رایگەیاند كە وادەی تۆماری قەوارە سیاسیەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بۆ (28/8)ی ئەم مانگە درێژ كرایەوە، هەروەها وادەی تۆماری هاوپەیمانەتییەكانی بۆ (31/8)ی ئەم مانگە درێژ كرایەوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بتوانن ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن. جێی باسە پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رۆژی 21/11/2013ی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی دەستنیشانكردووە و لەوبارەیەشەوە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە رێگەی نامەیەك ئاگادار كرایەوە.




