پەرلەمانی عێراق یەك ملیار دیناری تەرخانكرد بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا یەك ملیار دینار لەبودجەی پەرلەمان بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كەئێستا لەهەرێمی كوردستانن دابین بكات، و شەڕیش لەسەر وێنەی پیاوانی مەسیحی كۆبوونەوەكەی دواخست بۆ سبەی.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند : لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ 26ی ئابی 2013دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا یەك ملیار دیناری عێراق بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كەئێستا لەهەرێمی كوردستانن تەرخان بكات و لیژنەیەكی پەرلەمانیش بەسەریان بكاتەوە و وەزارەتە پەیوەندارەكانی حكوومەتی عێراق رۆڵی خۆیان ببین و حكووەتیش یارمەتی دیكەیان بۆ تەرخان بكات، نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانیش رۆڵی خۆیان بگێڕن.
ئەشواق جاف رۆژی 20ی ئابی 2013 داوایەكی ئاراستەی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق یارمەتی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بدات و رێوشوێنی پێویستیان بۆ بگرێتە بەر، لەكۆبوونەوەی رۆژی 22ی ئابی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بڕیاردرا بەهاوكاری لیژنەی یاسایی داواكاریەكانی لەچوارچێوەیەكی یاسایدا رێكبخرێ، ئەمڕۆ 26ی ئاب ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر سەرف كردنی بڕی یەك ملیار دیناری عێراقی و 4 راسپاردەی دیكە دا.
ئەوەشی گوت، هەرچەندە بڕیاری دابینكردنی یەك ملیار دینار لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكە رووبەرووی رەخنە بوویەوە، بەڵام پێمگوتن كە سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەت و خەڵكی كوردستان هەڵوێستیان هەبوو لەبەرامبەر ئەو ئاوارانەی رۆژئاوای كوردستان بەڵام پەرلەمانی عێراق هیچ هەڵوێستێكی نەبوو لەو دۆخە مرۆڤایەتییەی ئەو ئاوارانە.
هەروەك پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی كۆچ و كۆچبەران سەردانی كەمپەكانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات، موفاتەحەكردنی وەزارەتەكانی كۆچوكۆچبەرانی عێراق، تەندروستی، مافی مرۆڤ، بازرگانی بۆ ئەوەی یارمەتیەكانی دەرمان و پێداویستی دیكەیان بۆ دابین بكەن، هەروەك پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا موفاتەحەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێ بۆ ئەوەی بارمەتی دیكە بۆ ئاوارەكان دابین بكرێ ئەو بڕی 15 ملیار دینارەی حكوومەتی عێراقی كەمە بۆیان، بەو هۆیەی ژمارەی ئەو ئاوارەی رۆژانە دێنە هەرێمی كوردستان زۆرن.
باسی لەوەش كرد، موفاتەحەكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەرانی كوردی رۆژئاوای كوردستان كە چۆن لەتوركیا و ئوردون نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی هەیە لەهەرێمی كوردستانیش رۆڵیان هەبێ، هەروەك موفاتەحەكردنی رێكخراوەكانی دیكەی مافی مرۆڤ و ئەو رێكخراوانەشی پەیوەندیان هەیە بەئاوارە و پەنابەرانەوە هەمان رۆڵ ببینن.
جەختی لەوە كردەوە، لەبەرنامەی كاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دانرابوو كە دەنگدان لەسەر 2 پرۆژە یاسا و خوێندنەوەی دووەم بۆ شەش پرۆژە یاسا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ 3 پرۆژە یاسایە، بەڵام بەهۆی ئەو داواكارییەی پەرلەمانتار حەیدەر موللاوە بۆ لابردنی وێنەی پیاوانی مەرجەعە دینیەكانی شیعە لەسەر شەقامەكانی بەغداد و نارەزایەتی پەرلەمانتارە شیعەكانی بەدوای خۆیدا هێنا و كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دواخرا بۆ سێشەممەی داهاتوو و كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ شەڕە دەست و بۆكسی لێكەوتەوە.




