ئەكادمییەكانی توركیا داوا لە حكوومەت دەكەن بۆ هەنگاو چارەسەری پرسی كورد هەنگاو بنێت

ئەستەنبۆڵKDP.info/ هاوكات لەگەڵ رەخنەكانی پەكەكە لە حكوومەتی توركیا سەبارەت بە لاوازبوونی هەوڵدانەكانی حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد، ئاكادەمیسیەن و روشنبیرانی توركیایش سەرەڕای رەخنە كردن لە حكوومەت هاوكات داوا دەكەن كە حكوومەت بە خێرایی بۆ چارەسەری پرسی كورد هەنگاو بنێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە بەرپرسانی پەكەكە رۆژی یەكی ئەیلوولیان وەكو دوایین مۆڵەت بۆ حكوومەتی توركیا بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەری پرسی كورد دەستنیشان كردووە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەگەر تا رۆژی یەكی ئەیلوول حكوومەت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هەنگاو نەنێت ئەوا پەكەكە ستراتیژیەتی خۆی دەگۆڕێت و دەست بە پەیڕەو كردنی سیاسەت و ستراتیژیەتێكی دیكە دەكات.
لە بەرامبەریشدا ئەكادمییەکان و رۆشنبیرانی توركیا كە لە نزیكەوە چاودێری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەكەن ئاماژە بەوە دەكەن كە رەخنەكانی پەكەكە لە حكوومەتی توركیا راستن و حكوومەت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاوی ئەرێنی نەناوە.
لەمبارەیەوە زیاتر لە 100 روشنبیر و ئەكادمییەکانی توركیا جارنامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردووەتەوە و داوایان لە حكوومەتی توركیا كردووە كە بەر لە كۆتایی هاتنی ماوە دیاریكراوەكەی پەكەكە پێویستە حكوومەت هەنگاو بنێت بە پێچەوانەوە بەرپرسیاریەتی ئەو رووداوانە كە لە دوای یەكی ئەیلوول روو بدەن لە ئەستۆی حكوومەت دایە.




