سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـی 8ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو جانێت سێپن باڵیۆزی نوێی وڵاتی هۆڵەندا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی هۆڵەندا كە لە پاش دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق بۆ یەكەمجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبوو سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئاماژەشی بەوەدا كە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە مەبەستی بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی هەر دوولا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. هەروەها خاتوو جانێت سێپن سەرسامیی خۆی لەبەرانبەر پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان نیشان دا و دەستخۆشی لە شێوازی سەركردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی كرد كە هەرێمی كوردستانی بەو قۆناغە لە سەقامگیری و بووژانەوە گەیاندووە و، ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و كولتووریدا. باڵیۆزی هۆڵەندا سوپاسی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند لەمەڕ میوانداریكردنی ئەو ژمارە گەورەیەی پەنابەری سووریا كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی هۆڵەندا هیوای خواست كە ئەو پەیوەندییانەی نێوان هەرێم و هۆڵەندا هەیە گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و داوایشی كرد كە بە تایبەت لە كەرتی كشتوكاڵدا هەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی هۆڵەندا وەربگرێت. سەبارەت بە پرسی پەنابەرانی سووریا و بە تایبەت ڕۆژئاوای كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: "یارمەتیدانی پەنابەران بە ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەیی دەزانین و گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكیانەوە یارمەتیان دەدەن". سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان خوازیارە ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرەكانی شەڕ دوورن لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیاندا بمێننەوە و هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە یارمەتییەكیان پێشكەش دەكات. سەرۆك بارزانی گلەییشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە هێشتا لەچاو شوێنەكانی دیكە وەك پێویست بەپیر داواكاری و پێداوییستییەكانی ئەو پەنابەرانە نەهاتوونە كە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و ئامانجەكانی تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی پەیامی ئەو كۆنگرەیەی بۆ باڵیۆزی هۆڵەندا شی كردەوە و گوتی" پەیامی سەرەكیی كۆنگرە یەكخستنی وتاری كورد و جەختكردنەوە لەسەر ئەوەیە كە گەلی كورد مافی خۆیەتی داوای مافەكانی بكات و دەیەوێت پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بۆ گەلانی تورك و فارس و عەرەب بنێرێت. هەروەها پەیامی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ جیهانی دەرەوە پەیامی دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و خەباتی ئاشتیانە و سەردەمیانە و گرتنەبەری شێوازە دیموكراتییەكانە".
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا قسەی لەسەر كرا.




