نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرلەبەری هەواڵێكی لڤین پرێس بە درۆ دەخاتەوە

لڤین پرێس بێ ئەوەی هیچ زانیاریەكی هەبێ و ووردبینی بكات،یان بەڵگەیەكی بەرچاو بخاتە روو،بەناوی سەرچاوەیەكی نادیاری تۆز و باوە باس لەسەفەری شاندێكی پەرلەمان دەكات كە لەكۆتایی ساڵی رابردوو بۆ سوید و نەرویج ئەنجام درا و لەبری ئەوەی وەك كاری راگەیاندن ماهیەتی سەفەرەكە و بایەخی دیداری ئەو شاندە روون بكاتەوە بەتایبەت كە بۆ پرسێكی پڕ بایەخی وەك بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی رژێمی بەعس بوو دەرهەق بە كورد و وەفدەكەش لەئاستێكی فەرمی و باڵای سویدی و نەرویجی پێشوازییان لێكرا، كەچی لڤین پرێس ئەو درۆیەی هەڵبەستوە كە گوایە جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای دوو دەفتەر دۆلاری لەسەرۆكی پەرلەمان كردوە.
هەر بۆ ئاگاداری لڤین پرێس جێگری سەرۆكی پەرلەمان دوور و نزیك حەقی بەسەر خەرجیەكانەوە نەبوە، بەڵكو بەرێزیان تەنها لەرووی یاسایی و سیاسیەوە سەرۆكایەتی شاندەكەی كردووەو تەواوی خەرجیەكانیش لەئەستۆی ئەندامێكی شاندەكە بوو كە راوێژكاری پەرلەمانەو هەموو خەرجیەكانی ئەو شاندەش بەپێی ئسولی ئیداریی قۆناغەكانی ووردبینی و ژمێریاری خۆی بڕیوە.
ئەگەر لڤین پرێس یەك تۆزقاڵ راستگۆیی هەبوا، دەبوو تەنها بەڵگەیەكیان بڵاوكردبایەوە یاخود هەر هیچ نەبا سەرچاوەكە بەناوی خۆیەوە قسەی كردایەچونكە:
1- لەكۆتایی 2012 وەك ئەركی پەرلەمان و هەوڵێك بۆ زیاتر ناساندنی جینۆسایدی كوردستان بە پەرلەمانی ووڵاتان، ئەو شاندەی پەرلەمان كە لەدوازدە كەس پێك هاتبوون و سەرجەم فراكسیۆنەكانی لەخۆوە گرتبوو، سەردانی پەرلەمانی سوید و نەرویجیان كرد و لەچوارچێوەیەكی رەسمی دا پێشوازی كران و كاتی خۆیشی دەزگاكانی راگەیاندن بایەخیان بەو روداوە دا و بڵاو كرایەوە. بەتایبەت كە شاندەكە ژمارەیەك دیداری فەرمی ئەنجام دا و لەگەڵ رەوەندی كوردی كۆبونەوەو ئەم سەردانەش لەئەرشیفی پەرلەمان پارێزراوەو دۆكیۆمینت كراوە.
2- سەرۆكایەتی پەرلەمان بودجەی بریاردراوی لەبودجەی گشتی هەرێم لەبەردەست دایە بۆ راییكردنی كاروباری پەرلەمان و سەرجەم خەرجیەكانی هەر شاندێك لەئەستۆ دەگرێت و لەرێگەی لیژنەوە دەبێت نەك سەرۆكی شاند، فایلی تەواوی خەرجیەكانی ئەو شاندەش لەدارایی پەرلەمان هەیە.
3- سەبارەت بە هەواڵی (بەنزین و دەبە) ش ئەو قسانە تەنها لەهزرێكی نەخۆش و دەبەنگیەكی بێ سنورەوە نوسراوە، كەشایستەی وەڵامدانەوە نیە .
ئێمە دەزانین نەیارانی ژیانی دیموكراسی بەچ مەبەستێك ئەم شێوازەی لێدوان و هەواڵ دروستكردن دەخەنە گەڕ و گوتروایشە ماڵ و حاڵی قەڵپ سەر بەكەس و دەنگ و رەنگی نەشاز و قەڵپ، بۆیە ئەو هەواڵەی لڤین پرێس دەچێتە خانەی ناوزراندن و تەشهیركردن بە كەسایەتیەكان و ئەو مافەشمان هەیە داوای بەدواداچوونی یاسایی لەسەر ئەو هەواڵە درۆیەی لڤین پرێس بكەین.




