هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوا لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەردەوامە

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ كۆكردنەوە و گەیاندنی هاوكاری بە پەنابەرانی رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم بەردەوامە و لەلایەن خۆشیانەوە پەنابەران سوپاسی هەوڵ و بە هاناوەچونی جەماوەری هەرێمی كوردستان دەكەن. لەمبارەیەوە هاوكارییەكانی خەلكی سنوری ناحیەی گوێڕ گەیەندرایە ئاوارەكانی رۆژئاوا لە كەمپی كەور گۆسك و لەلایەن خۆشیانەوە پەنابەرانی رۆژئاوا خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە هاوكارییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربڕی. هەروەها سەبارەت بە پاراستن و بەهاناوەچونییان؛ پەنابەرانی رۆژئاوا سوپاسی هیزەكانی زێرەڤانییان كرد كە هەڵساون بە یارمەتی دان و چاككردنی شوێنی نیشتەجێ بونیان لە ناحیەی كەورگۆسك. لەلایەكی دیكەوە و بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوش و گوزەرانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان و چۆنیەتی خزمەتكردنیان لە كامپەكانی بەحركەو كەورگۆسك و قوشتەپەو باسرمە، سەرۆكی رێكخراوی یو ئێن ئێچ سی ئار سەردانی بنكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یان لە كامپی كەور گۆسك كرد و لەلایەن موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە پێشوازیی لێكران. لەسەردانەكەدا شاندی رێكخراوی یو ئێن ئێج سی ئاردەستخۆشییان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی كە بەشێوەیەكی رێكوپێك بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمە بەسەر خێزانە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دابەشی دەكەن و ئومێدی سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواست.




