هوداپار: توركیا هیچ چارەیەكی نییە، بێجگە لە قەبووڵ كردنی كوردستان

دیاربەكر- KDP.info/ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستان رۆژی هەینی سەردانی سەرۆكی هوداپاری شاری دیاربەكر وەدات تۆرگۆتیان كرد و لەم سەردانەدا هەر دوو لا باسی هۆكارەكانی دامەزراندنی كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستان و بریاری قەدەغە كردنی ناوی كوردستان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاوە كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەری حورسەدا بڵاویكردەوە كە لەم سەردانەدا سەرۆكی دیاربەكری هوداپار سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر دامەزراندنی تەڤگەرێكی بەمجۆرە پشتگیری پارتەكەیشی بۆ ناوی كوردستان دووپات كردووەتەوە و گوتوویەتی: ناوی كوردستان واقێع و راستییەكی مێژوویی و جوغرافیاییە و بۆ هیچ هێز و لایەنێك نییە كە نكۆڵی لە هەبوونی كوردستان و ناوی كوردستان بكات.
وەدات تۆرگوت لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا هاوكات لەگەڵ دەربڕینی پشتگیری خۆی لەو كۆمەڵەیە ئاماژەی بەوە كردووە كە هیچ رێگایەكی توركیا بێجگە لە قەبووڵ كردنی كوردستان و هەبوونی كوردستان نییە چوونكە زیاتر لە هەزار ساڵە كورد باوەشی بۆ تورك كردووەتەوە و توركی لە نێو ماڵی خۆیدا بەخێو كردووە بۆیە پێویستە هەر كەس لەمبارەیەوە ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات تا بتوانین پێكەوە ژیانی برایانەی خۆمان بەردەوام بكەین.




