ئەردۆغان: تا دوو هەفتەی دیكە ناوەڕۆكی پاكێجی نوێی دیموكراسیبوون ئاشكرا دەكەین

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بەشداری لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی ئولكە تیڤی كرد و باسی هۆكاری گریانی خۆی بۆ خەڵكی میسر كرد و گوتی: كاتێك كە نامە ئەندامی سەركردایەتی ئەخەوانەكان بۆ كچە كۆژراوەكەی خوێندرایەوە، منداڵەكانم بە بیر هاتنەوە بۆیە منیش تێر گریام.
ئەردۆغان هەر لەو بەرنامەیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیای بۆ ئامادەكردنی پاكێجێكی نوێی دیموكراسیبوونی توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە هەوڵدانەكانی حكوومەت بۆ ئامادەكردنی پاكێجی نوێ كە چەندین شتی باشی لە خۆی گرتووە بەردەوامن و تا دوو هەفتەی دیكە ناوەڕۆكی ئەو پاكێجە بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی بەدەپە و پەكەكەیش لە بەرانبەر قۆناغی چارەسەریدا رایگەیاندووە كە بەدەپە و پەكەكە لە بەرامبەر قۆناغەكەدا سەمیمی نین و لێدوانەكانیان زۆر جیاوازن.
ئەردۆغان باسی ئەوەی كردووە كە پەكەكە گوتوویەتی دەوڵەت بەڵێن و سۆزی داوە، ئەگەر راست دەكات و متمانەی بە خۆی هەیە با ناوەڕۆكی ئەو سوز و بەڵێنانە ئاشكرا بكات و با كۆمەڵگەیش بزانێت كە دەوڵەت لە چ بوارێكدا بەڵێنی بە پەكەكە داوە، بەڵام ئێمە وەكو دەوڵەتی توركیا بە هیچ كەس و هیچ لایەنێك هیچ جۆرە سوز و بەڵێنێكمان نەداوە.




