سەلاحەدین دەمیرتاش: كێشەی نێوان ئاكەپە و جەماعەتی گولەن قۆناغی چارەسەری تێك دەدات

دیاربەكر- KDP.info/ هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێكدا باسی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و كێشەكانی بەردەم ئەم قۆناخەی كردووە و رایگەیاندووە كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاكەپە و جەماعەتی فەتحوڵلا گولەن دەبنە هۆكاری تێك دانی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاندووە كە حكوومەتی ئاكەپە پێویستە زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناخی چارەسەری پرسی كورد بكات و رێگە نەدات كە ئەم قۆناخە ببێتە قوربانی ناكۆكییەكانی نێوان ئاكەپە و جەماعەتی فەتحوڵلا گولەن.
سەلاحەدین دەمیرتاش وەڵامی رەخنەكانی ئەردوغانی سەبارەت بە پرۆسەی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكەیشی داوەتەوە و گوتوویەتی: پێشتر لە كاتی گفتووگۆكاندا هیچ جۆرە مەرجێك بۆ كێشانەوەی هەر هەمووی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێوان ئوجەلان و حكوومەتدا دەستنیشان نەكراوە بۆیە وتەكانی ئەردوغان سەبارەت بەم پرۆسەیە نیشانەی لاواز بوونی ئیرادەی حكوومەت بۆ هەنگاو نان بۆ بەرەو پێشەوە بردنی قۆناخی چارەسەرییە.




