شاندی جەهەپە دەستی بە رێپیوانی قۆناغی چارەسەری كرد

وان- KDP.info/ شاندی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە بە ئارمانجی وەرگرتنی راوبۆچوونی خەڵك سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری دەستی بە رێپوان و گەڕان لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ كردبوو رۆژی هەینی گەیشتە شاری وان و هاوكات لەگەڵ گەیشتنی ئەم شاندە بۆ ناو شاری وان، سەرۆكی شاندەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئارمانجی سەردانەكەی ئەم شاندەی خستە روو.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی شاندی پەرلەمانتارانی جەهەپە نوێنەری شاری مانیسا حەسەن ئورەن رایگەیاند كە ئێمە دەمانەوێ سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری بیروڕا و پرۆژەكانی جەهەپە بۆ رای گشتی روون بكەنەوە و لەگەڵ خەڵكدا دەست بە دیالوگ بكەین تا بزانین خەڵك داوای چیمان لێ دەكات.
حەسەن ئورەن ئاماژەی بەوە كردووە كە تا ئێستە سەردانی چەندین شار و شارۆچكەیان كردووە و لەگەڵ خەڵك و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا كۆ بوونەتەوە و بریارە دوای كۆتایی هاتنی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی خۆیان لە شاری وان سەردانی شارەكانی قارس، ئاغری و ئەردەهانیش بكەن و لەگەڵ خەڵكدا كۆ ببنەوە و باسی پشتگیری جەهەپە لە قۆناخی چارەسەری و پرۆژەكانی جەهەپە بۆ ئەم قۆناخە بكەین.




