دووشەمەی داهاتووپەرلەمانی عێراق بریار لەبارەی ئاوارە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە دەدات

بەغداد –KDP.info/ ئەندامێكی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر چەند داواكارییەك دەدات لەبارەی ئاوارە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان كەئێستا لەهەرێمی كوردستانن، بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو پەسەندكردنی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق لەزیندانەكانی ئەبوغرێب و تاجیش تائێستا لێكۆڵینەوەكانیان تەواو نەكردووە
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoرایگەیاند : لەدانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئابی 2013 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدانیشتنی ژمارە 14ی ئەم وەرزەی دانیشتنەكانی بۆ خولی چوارەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا كە لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكبهێنرێ بۆ لێكۆڵینەوە لەو گومانی گەندەڵیانەی باسی لێوە دەكرێ كەلەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان هەیە لەپارێزگای سەڵاحەدین، تاوەكو ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوە بكەن تابزانن تاچەند ئەو گومانانە لەجێی خۆیەتی و راستی و دروستیان چۆنە.
ئەوەشی گوت، دوای ئەوەی داوایەكم ئاراستەی لیژنەی مافی مرۆڤی عێراق كرد لەبارەی هاوكاری كردنی كوردانی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان لیژنەكە رەزامەندی لەسەردا و ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمان داوای كرد ئەو داواكاریانە بدرێتە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تالەكۆبوونەوەی داهاتوو كە بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ئەنجامبدرێ بیخەنە دەنگدانەوە.
باسی لەوەش كرد، هەرچەندە حكوومەتی ناوەندی بڕی 15 ملیار دیناری تەرخان كردووە بۆ ئاوارە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان بەڵام ئەو بڕە بەشی ئاوارەكانی كەمپی دۆمیزە لەپارێزگای دهۆك ناكات، لەكاتێكدا لەئێستادا ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەكەمپەكانی كەورگوسك لەپارێزگای هەولێر و لەهەردوو شارۆچكەی عەربەت و پیرەمەگرونن لەپارێزگای سلێمانی.
لەبارەی داواكاریەمانییەوە ئەشواق جاف گوتی: داواكارییەكانم پێكدێت لەپێكهێنانی لیژنەیەك لەئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ بۆ سەردانی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كەئێستا لەهەرێمی كوردستانن دواتر نووسراو ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێ بۆ ئەوە پێداویستیەكانی ئەو ئاوارانە دیاری بكرێن و موخاتەبەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بكرێ بۆ دابینكردنی پێداویستی ئەو ئاوارانە لەهەرێمی كوردستان.
ئەوەشی گوت: بڕیار بوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر كاندیدەكانی ئەنجوومەنی ناوەندی بدات بەڵام ئەو هۆیەی ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران ئەو سیڤیانەیان بەدەست نەگەیشتبوو دەنگدانەكە دواخرا بۆ كاتێكی دیكە بۆ ئەوەی سیڤیەكانیان ببین و دواتر دەنگی لەسەر بدرێ.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەر لەدانیشتنی ئەمڕۆدا، هەرچەند نارەزایەتی پەرلەمانتارانیش هەبوو، بەڵام پرۆژە یاسای رێكەوتن لەگەڵ كوەیت لەبارەی كەشتیوانی لەخوری عەبدوڵڵا پەسەند كرا.
جەحتی لەوەش كردەوە، هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 16ی ساڵی 2005، ئەمڕۆ كارەكانی تەواوبوو، پێویستە لەسەرەتای مانگی 9 ئەم یاسایە دەنگی لەسەر بدرێ، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئوسامە نوجێفی بەڵێنیدا كە لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێ.




