سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشنیار دەكات 20%ـی بوودجەی یەك مانگی دامودەزگای حكوومەتی هەرێم بۆ ئاوارەكانی ڕۆژئاوا تەرخان بكرێت

ڕۆژی یەكشەممە 18ـی 8ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشنیاری كردووە كە لە پێناو یارمەتیدانی زیاتری ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان 20%ـی بوودجەی یەك مانگی هەر سێ سەرۆكایەتی و لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن تەرخان بكرێت. ئەمەی خوارەوەیش دەقی نامەكەی سەرۆك بارزانییە:
بۆ/ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.. بەڕێز
سڵاوێكی گەرم..
یارمەتیدانی ئەو خوشك و برایانەی لە ڕۆژئاوا هاتوونە و پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەیە. لەپێناو یارمەتیدانی باشتر بۆ ئەو ئازیزانە پێشنیار دەكەم بە ڕێژەی 20%ـی میزانەی یەك مانگی هەموو حزبەكان و هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و تێكڕای دامودەستگە كارگێڕییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی خوشك و برا پەنابەرەكانی كوردی ڕۆژئاوا تەرخان بكرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18ـی 8ـی 2013




