جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەكۆمەڵەی پاسكیلسواری لەپێناو پاراستنی ژینگە كرد
ئەمرۆ پێنچ شەممە 22/8/2013 دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەكۆمەڵەی پاسكیلسواری لەپێناو پاراستنی ژینگە كرد كە وەك رێكخراوێكی ژینگە پارێزی لەدیاربەكر كار دەكەن و لەرێگەی فەرماندەی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دیاربەكرەوە بە پایسكل بەرەو زاخۆ و لەوێشەوە بۆ بارزان و هەولێر هاتوون و لەبەرنامەیان دایە سەردانی سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید بكەن.
لەدیدارێكدا كە نەژاد عزیز سورمێ و سمیرە گۆران ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادەیبوون،
شاندەكە خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان نیشان دا و ئامانجی سەردانەكەیان شی كردەوە كە ئەوان وەك رێكخراوێكی ژینگە پارێز هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان هۆشیاری پاراستنی ژینگە بڵاو بكەنەوەو جوانی ژینگەی كوردستان پارێزراو بێت و گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت بۆ ئەوەی لەرووی كشتوكاڵیەوە كوردستان گەشاوەتر بێت و خۆشحاڵ بوون كە تارادەیەكی باش ژینگە لەدەڤەری بارزان و ئامێدی و ناوچەكانی تر پارێزراوەو خوازیاری ئەوەبوون وێرای بایەخدان بە بەرهەمە خۆماڵیەكان وانەی ژینگە پارێزی لەهەموو قۆناغەكانی خوێندنیش پەرەی پێ بدرێ.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن و ئامانجی سەردانەكەیانی بەرزنرخاند پاشان پوختەیەكی لەبارەی مێژووی دامەزراندنی پەرلەمان و كار و رۆڵ و بەشداری پارت و لایەنە سیاسیەكان و رێژەی ئافرەتان خستە روو هەروەها ئەوەی راگەیاند سەرەرای ئەوەی لەسەردەمی رژێمی دیكتاتۆری خەلك و خاك و ژینگەی كوردستان لەژێر هەرەشە و مەترسی دا بوو بەڵام ئێستا ئیرادەیەكی بەهێز لەلایەن خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی و پەرلەمان و حكومەت هەیە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێشخستن و گەشەپێدانی زیاتر و پاراستنی باشتری ژینگەی كوردستان.




