ئاڵتان تان: توركیا نایەوێت كورد ببێت خاوەن هیچ شتێك

دیاربەكر- KDP.info/ پەرلەمانتاری دیاربەكری بەدەپە ئاڵتان تان سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە كاریگەرییەكی راستەوخۆیان لە سەر یەكتر دەبێت.
ئاڵـتان تان لە دیمانەیەكدا لە گەڵ بەشی كرمانجی دەنگی ئەمریكادا رایگەیاند كە یەكێك لە كێشە سیاسییەكانی ناوچەكە كە راستەوخۆ كاریگەری لە سەر قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دەكات، سیاسەتی توركیا لە بەرانبەر پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستانە.
تان جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە توركیا هێشتا نایەوێت گەلی كورد لە ناوچەكەدا ببن، خاوەن ماف و ستاتۆیەك بۆ خۆیان بۆیە لە سوریا توركیا سیاسەتی دژە كورد پەیڕەو دەكات.
ناوبراو سەبارەت بە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیری توركیا سەبارەت بە نەگونجاندنی مافی پەروەردە بە زمانی زگماكی لە پاكێجی نوێ دیموكراسیدا گوتی: ئەم جۆرە لێدوانانە دەبنە هۆكاری تێكچوونی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، چونكە سەرۆك وەزیری توركیا بەمجۆرە لێدوانانەی خۆی دەسەلمێنێت كە وردە وردە دەیەوێت رەگەزپەرەستی توركی زیندوو بكاتەوە و كورد هەڵبخەڵەتێنێت.




