وەزارەتی پلاندانان تاوتۆی پرۆژەكانی هەروو وەزارەتی پێشمەرگە و گواستنەوە و گەیاندن دەكات
هەولێر- KDP.info / حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری تەواو دەكات بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی گواستنەوەو گەیاندن لە هەرێمی كوردستان، هەر لە ئێستەوە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كار لەسەر پێشخستنی پرۆژەكانی گواستنەوە و گەیاندن دەكەن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئێستە 36 پرۆژەی لە بواری جێبەجێكردن دان كە گوژمەی پرۆژەكان بە 326 ملیارو 450 ملیۆن دیناری عێراقی خەملێندراون، بە تەواو بوونی ئەم پرۆژانە گرنگی و كاریگەری زۆر ئەرێنیان دەبێت لە سەر ئابوری كوردستان و پێشوەچوونی كەرتی بازرگانی، پڕۆژەكان زۆر ستراتیژین و لە نێو پرۆژەكان بەردەوامی پرۆژەی فڕۆكەخانە و دروستكردنی دانانی سیستەمی رادار و (گ.س.ت) یش لە خۆ دەگرێت، بەمەش كوردستان هەنگاوێكی تر لە پەیوەندییە بازرگانییە نێوەدەوڵەتییەكان دەچێتە پێش.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی پێشمەرگە و سەربازگەكان، بۆ ساڵی 2014 وەزارەتی پێشمەرگە 8 پرۆژەی ئامادەكردووە بۆ جێبەجێكردن كە بە گوژمەی 55 ملیار و 228 ملیۆن دیناری عێراقی خەملێندراون، پرۆژەكانی وەزارەتی پێشمەرگە پێكهاتوون لە دروستكردنی چەند مەشقێكی سەربازی مۆدێرن و دروستكردنی كۆگای كەلوپەلی سەربازی و دروستكردنی شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە.
ئامادەكاری و گفتوگۆی چڕوپڕی پرۆژەكانی هەردوو وەزارەت لە میانەی كۆبوونەوەی د. علی سندی وەزیری پلاندانان لە گەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جونسۆن سیاوش و كۆبوونەوەی بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان لە گەڵ بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو. ئامادەكارییەكان بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو بە بەردەوام پێشوەچوونی پێوەدیارە و وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگ لە گەڵ وەزارەتەكانی حكوومەت لە ئامادەكارییەكان بەردەوام دەبێت.




