لە پەیامێكدا سەرۆكی كوردستان سوپاسی خەڵكی سەربەزی كوردستان دەكات

بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فێیسبووكدا لە پەیامێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو خەڵكی سەربەزی كوردستان و بەتایبەت خەڵكی خۆڕاگری هەولێری پایتەخت و دەورووبەری دەكات بۆ یارمەتی و هاوسۆزی و ئەو بەدەنگەوەهاتنەی بەرانبەر خوشك و برایانی ڕۆژئاوامان نواندیان. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
| سەرۆك بارزانی: وڵاتێك خاوەنی ئەو خەڵكە ڕەوشتبەرزە بێت شایانی هەموو شكۆمەندیێكە |
خەڵكی سەربەزی كوردستان. پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەموو هاووڵاتی و چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت خەڵكی خۆڕاگری هەولێری پایتەخت و دەورووبەری ڕادەگەیێنم، بۆ یارمەتی و هاوسۆزی و ئەو بەدەنگەوەهاتنەی بەرانبەر خوشك و برایانی ڕۆژئاوامان هەیانە و، كە بووەتە جێگەی سەرنج و خۆشحاڵیی هەموو لایەك.
ئێوەی سەربەرز لە زۆر وێستگەی مێژوویی دیكەشدا نیشتیمانپەروەری و نەجابەت و سەخاوەتی خۆتان نیشان داوە. دیمەن و وێنەی ئێوەی ئازیز لە بەپیرهاتن و هاوكاریی هاونیشتیمانمان مێژوویین و قەت لە یاد ناكرێن.
| ئەو هاوخەمی و بەخشندەییەی ئێوە بە هیچ وشەیەك وەسف ناكرێت و هێمایەكە بۆ ئەوەی كە خەڵكی دڵسۆز و قارەمانی وڵاتەكەمان وەك چۆن هەمیشە ئامادەی بەرگری لە نیشتیمان و قوربانیدان بووە، لە چاكەخوازی و هەستی مرۆڤدۆستی و وڵاتپارێزیش نموونەی بەرز و بێوێنەن. |
ئەو هاوخەمی و بەخشندەییەی ئێوە بە هیچ وشەیەك وەسف ناكرێت و هێمایەكە بۆ ئەوەی كە خەڵكی دڵسۆز و قارەمانی وڵاتەكەمان وەك چۆن هەمیشە ئامادەی بەرگری لە نیشتیمان و قوربانیدان بووە، لە چاكەخوازی و هەستی مرۆڤدۆستی و وڵاتپارێزیش نموونەی بەرز و بێوێنەن. وڵاتێك خاوەنی ئەو خەڵكە ڕەوشتبەرزە بێت شایانی هەموو شكۆمەندیێكە.
هەموو كات ئەو ئومێدەم هەیە كە گەلی ئێمە ئامادەیە لە هەموو بارودۆخێكدا لە بەرخودان و نەتەوەپارێزی و مرۆڤسالاری ببێتە وانە و سەرمەشق بۆ هەموو گەلانی جیهان، كە ئەو هەست و سۆزە نەتەوەیی و مرۆڤپارێزیی ئێوەی خۆشەویست دەبینم، ئومێدم بە دواڕۆژی گەلەكەمان زیاتر دەبێت. ئەو هەستەی ئێوە بۆ خوشك و براكانیشمان لە ڕۆژئاواو پارچەكانی دیكەی كوردستان مایەی ئومێدێكی مەزنە.
بەپێویستی دەزانم سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی و پۆلیس و ئاساییش و هاتووچۆ و شارەوانی و كەرتی تەندروستی و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لایەنە سیاسییەكان بكەم، كە هاوشان لەگەڵ هاووڵاتیانی شاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك و گەرمیان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و شوێنەكانی دی یارمەتیی كوردانی ڕۆژئاوایان داوە. لە خودای گەورە داواكارم پاداشی چاكە و فیداكاریتان بدات و هەر سەربەرز و سەركەوتوو بن.




